بایدن بۆ لیز ترەس: بە هیوام  پێکەوە لە هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامبین

لیز تره‌س
لیز تره‌س

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆکی ئەمه‌ریکا پیرۆزبایی لە لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات.

جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە تویتێکدا رایگەیاند، پیرۆزبایی لە لیز ترەس سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەکەم، هیوادارم لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەهێزتر بکەین.

جەختیشی کردەوە، بەو هیوایەم،  پێکەوە لە هاوکارییەکانمان بۆ ئۆکرانیا بەردەوامبین و لە رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە جیهانییەکان هاوکار و هەمانگیکاری یەکدی بن.

ئەنتۆنی بلینکنیش وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا لە تویتێکدا پیرۆزبایی لە ترەس دەکات و گوتی: دەزانم لە چوارچێوەی پەیوەندییە تایبەتەکانمان، وەک هاوپەیمانێکی نزیک، پێکەوە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین و  رووبەڕووی كێشه‌كان دەبینەوە.

لیز تراس، ساڵی 1975 لە ئۆکسفۆرد لەدایکبووە. ئەو گوتبووی باوکی و دایکی (کە مامۆستای بیرکاری و پەرستار بوون) لە حزبی پارێزگارانیش چەپتربوونە.

خاتوو تراس لە قوتابخانە حکومییەکان خوێندوویەتی و پێشتر ئەندامی حزبی لیبرال دیموکرات بووە و ساڵی 1994 لە کۆنفرانسی ساڵانەی ئەو حزبەدا، پشتگیری لە نەمانی پاشایەتی کرد.

ئەو لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، بەکالۆریۆسی فەلسەفە، سیاسەت و ئابووری وەرگرت و دواتر وەک ژمێریار لە کۆمپانیای "شێل" کاری کرد و ماوەیەکیش بەڕێوەبەری ناوەندێکی هزریی پاوانخواز بوو.

ئەو، لە زانکۆ چالاکی سیاسی هەبوو و لەو سەردەمەدا بوو بە ئەندامی حزبی پارێزگاران. لیز تراس لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵەکانی 2001 و 2005 کاندیدبوو، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. دواجار ساڵی 2010 بە پشتگیریی دەیڤید کامیرۆن سەرۆکوەزیرانی ئەو کات، توانی بچێتە پەرلەمان. دوو ساڵ دواتر وەک یاریدەدری وەزیری پەروەردە یەکەم ئەرکی حکومی وەرگرت و ساڵی 2014 بوو بە وەزیری کشتوکاڵ و ژینگە.

تراس، تا ساڵی 2021 وەک وەزیری داد، بریکاری وەزارەتی دارایی و وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی کاری کردووە و تا لەو ساڵەدا بوو بە وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا.

خاتوو تراس پێش لە راپرسیی ساڵی 2016 لایەنگرنی مانەوەی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپادا بوو و پێیوابوو برگزیت دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی بازرگانی و وەبەرهێنان و هەلی کار، بەڵام دوای سەرکەوتنی ریفراندۆمەکە، کەمکەم بۆچوونی گۆڕا و بوو بە لایەنگرێکی بەهێزی دەرچوونی بەریتانیا لە ناو یەکێتی ئەوروپا.