سبه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بڕیارده‌دات
K24 – به‌غدا:
بڕیاره سبه‌ی دادگای فیدڕاڵی له‌باره‌ی پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، خه‌ڵكی عێراق به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی دانیشتنه‌كه‌ی سبه‌ی چوارشه‌ممه 7ـی ئه‌یلوولی دادگای فیدڕاڵی عێراقه.
دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی، به مه‌به‌ستی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر داوای ره‌وتی سه‌دره، كه داوای كردبوو ئه‌م خوله‌ی ئێستای په‌رله‌مانی عێراق هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه و هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێت.
رۆژی چوارشه‌ممه 31ـی ئابی 2022، د.به‌شیر حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق به كوردستان24ـی راگه‌یاند، به‌گوێره‌ی ده‌ستووری عێراق، په‌رله‌مانی ئێستا ده‌توانێت دانیشتن ئه‌نجامبدات و خۆی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه و جارێكی دیكه هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته ئه‌نجامبدرێت، دادگای فیدراڵیش ده‌توانێت له‌سه‌ر بنه‌مای پابه‌ندنه‌بوونی په‌رله‌مانی عێراق به‌و واده ده‌ستوورییه‌ی بۆی دیاریكراوه به‌مه‌به‌ستی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ، ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه.