ئۆکرانیا: 50 هەزار سەربازی رووسی کوژراون

K24 – هەولێر

فەرماندەی فەرماندەیی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاندووە، لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا، "بەلانی کەمەوە 50 هەزار سەربازی رووس کوژراون"، هەڵبەت وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، ئامارێکی جیاوازی لەوبارەیەوە بڵاوکردووەتەوە.

بەپێی ئاماری سوپای ئۆکرانیا، لە سەرەتای شەڕەوە 51 هەزار و 150 سەربازی سوپای رووسیا کوژراون و 2077 تانک، 4484 ئۆتۆمبێلی سەربازی، 236 فرۆکە و 207 کۆپتەری رووسی لەناوچوونە.

ئامار و زانیارییەکانی سوپای ئۆکرانیا، لەگەڵ ئەو ئامارانەی لەلایەن وڵاتانی دیکەی ئەوروپاییەوە کە بڵاوبوونەتەوە، یەکناگرنەوە. بۆ نموونە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا، باسی لە کوژرانی 25 هەزار سەربازی رووس کردووە.

لە سەرەتای هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، دەزگە نهێنییەکانی بەریتانیا بە بەردەوامی ئاماری تایبەت بە شەڕ و چۆنییەتی پێشوەچوونی سوپای ئۆکرانیا بڵاودەکەنەوە.

تا ئێستا حکومەتی مۆسکۆ هیچ ئامارێکی لەبارەی ئەو زیانانەی بەر سوپاکەی کەوتووە، بڵاونەکردووەتەوە، تەنها ئەوەندە نەبێت رۆژی هەینی رابردوو، لایەنگرانی رووسیا لە هەرێمی دۆنتسک باسیان لە کوژرانی 2900 چەکداری خۆیان کردووە.

هاوکات حکومەتی ئۆکرانیاش زۆر بەکەمی باسی لە زیانەکانی خۆی دەکات، بەڵام بە پێی ئامارە نافەرمییەکان تا ئێستا 9 هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون و 7 هەزاری دیکەش بێسەروشوێنن.

هەروەها بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان تا ئێستا 5700 هاووڵاتی لە شەڕی نیوان رووسیا و ئۆکرانیادا گیانیان لەدەستداوە.