دەمیرتاش: پێویستە پەکەکە چەک دابنێت

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە

K24 – هەولێر

سەڵاحەدین دەمیرتاش رایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەری کێشەکان پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و گفتوگۆ لەگەڵ ئۆجەلان دەستپێبکرێت.

زنار کاراڤیل، راوێژکاری ده‌میرتاش لە تویتێکدا باسی لە ناوەڕۆکی دوایین پەیامی سەڵاحەدین دەمیرتاش کردووە و ئاماژە بەوەدەکات، دەمیرتاش گوتویەتی: "کێشەکان بە چەک و توندوتیژی چارەسەر ناکرێن، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، هەروەها گرنگە گفتوگۆ لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەستپێبکرێت".

سەڵاحەدین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په)‌ له‌ 4/11/2016ـه‌وه‌ بە تۆمەتی ھاوكاریكردنی پەكەكە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردە و پەرلەمانتارانی حزبەکەی لەلایەن حكومەتی توركیاوە دەستگیركران.

بەگوێرەی ئامارەکان تائێستا 13 پەرلەمانتاری پێشووتری هەدەپە و شەش سەرۆک شارەوانی و چوار هەزار ئەندام و کادیری هەدەپە لە زیندانەکانی تورکیا دەستگیرکراون.

لە 22/12/2020، دادگای ئه‌وروپایی بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، داوای له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا كرد، ده‌ستبه‌جێ كه‌سایه‌تی سیاسی كورد، سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، ئازاد بكه‌ن، بەڵام رۆژی دواتر رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، ئەوان پابەند نابن بە بڕیارەكە و "دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا، ناتوانێ لە جیاتی دادگاكانی توركیا بڕیار بدات".

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە 15ی ئۆکتۆبەری 2012 دامەزراوە، پارتێکی چەپی سۆسیال دیموکراتە، لە پەیڕەوی ناوخۆی حزبەکە ئاماژە بەوەکراوە کە کار لەسەر چارەسەری کێشەی کورد دەکات لە تورکیا. هەدەپە تائێستا پێنج کۆنگرەی بەستووە.

لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا ساڵی 2018 هەدەپە 67 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێنا، 11 پەرلەمانتاری ئەو حزبە مافی پەرلەمانتاریان لێسەندرایەوە، ئێستا هەدەپە سێیەم فراکسیۆنی گەورەی ناو پەرلەمانی تورکیایە.