ڤلادیمێر پوتن: بەرەو جیهانی فرەجەمسەری دەچین

"سەردەمی جیهانی تاکجەمسەری، خەریکە دەبێتە مێژوو"

K24 – هەولێر

ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا، پێیوایە نەزمی نوێی جیهانی بەرەو "جیهانی فرەجەمسەری" دەچێت و دووپاتیکردەوە، "جیهانی فرەجەمسەری لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دادپەروەرانە، دەرفەتێکی نوێیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەهاوبەشەکان".

ئەمڕۆ (چوارشەممە 7ـی ئەیلول)، دەیەمین کۆنفرانسی مۆسکۆ بۆ ئاسایشی نێودەوڵەتی دەستی بەکارەکانی کرد.  

وەک سەرۆکی رووسیا لە قسەکانیدا باسیکرد، لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەری زۆربەی ئەو وڵاتانەی "دەیانەوێت لەسەر بنەمایەکی یەکسان باس لە پرسە ئەمنییەکان بکەن"، بەشداربوونە. ئەو، ئاماژەی بە ناوی وڵاتە بەشداربووەکان نەدا.

پوتن لە گوتارەکەیدا، بە شێویەکی گشتی بەرگری لە هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد و وڵاتانی رۆژئاوایی ئاژاوەگێڕی و شەڕ تۆمەتبارکرد.

ئەو، دووپاتیکردەوە کە لە جیهانی فرەجەمسەریدا، ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان و گەلان لەسەر بنەمای شوناس و نەریت و بەها جیاوازەکانی خۆیان، رێگای گەشەسەندنی ئازاد و سەروەری هەڵدەبژێرن.

سەرۆکی رووسیا، وڵاتانی رۆژئاوایی و بەتایبەت ئەمەریکای بەوە تۆمەتبارکرد کە دەیانەوێت بەهەر رێگەیەک بێت، هەژموونی خۆیان بەسەر هەموو جیهاندا بسەپێنن، هەر بۆیە دژایەتی جیهانی فرەجەمسەری دەکەن.

ڤلادیمێر پوتن گوتی: بەرپرسە رۆژئاواییەکان دەیانەوێت تاوانی شکستەکانی خۆیان بخەنە سەرشانی ئەو وڵاتانەی بەرگری لە بۆچوونی خۆیان دەکەن و سیاسەتێکی سەربەخۆی گەشەپێدان دادەڕێژن، بۆ نموونە رووسیا و چین.

سەرۆکی رووسیا دووپاتیکردەوە، "تەنها لە رێگەی بەهێزکردنی بناغەی سیستەمی سەردەمیانەی جیهانێکی فرەجەمسەری، توانای کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئەم جیهانە هەیە و متمانەی وڵاتان بەیەکتر زیاتر دەکات .. سەردەمی جیهانی تاکجەمسەری، خەریکە دەبێتە مێژوو.