ئێران بە نووسراو هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتانەی سوپای ئەمەریکا لە خاکەکەیاندایە

ئەمەریکا دەیەوێت جێی چۆلی خۆی بە ئیسرائیل پڕبکاتەوە"

K24 – هەولێر

محەمەد باقری، فەرماندەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمەریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە لە رێگەی پەیوەستکردنی ئیسرائیل بە فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا، دەیەوێت "شوێنی چۆلی خۆی" لە کەنداو و دەریای عومان پڕبکاتەوە و گوتی: ئێران لەوبارەیەوە هۆشداری نووسراوی بەو وڵاتانە داوە کە سوپای ئەمەریکایان لێیە.

محەمەد باقری دووپاتیکردووەتەوە، "لە روانگەی ئێمەوە ئەو کارە بەو مانایەیە کە پێداویستی سیخوڕی و تەنانەت کردەی سەربازیی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی، دەکەێتە دەست رژێمی داگیرکەری زایۆنی و ئەمەش دەبێتە هۆی زیاتربوونی هەڕەشەکان دژ بە ئێران".

بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئیسرائیل بە فەرمی ناناسن و بۆ ناوهێنانی دەستەواژەی وەک "رژێمی زایۆنی" بەکاردێنن.

ئەو هۆشدارەی بەرپرسی باڵای سەربازیی ئێران، هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەبارەی چالاکییە سەربازییەکانی تاران لە ناوچەکەدا و داهاتووی دانوستانەکانی پەیوەندیدار بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران.  

فەرماندەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئێران رایگەیاندووە، "ئێمە هاوکات لەگەڵ هۆشداری نووسراو و گەیاندنی نامەمان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەو وڵاتانەی سوپای ئەمەریکایان لێیە، ئامادەیی خۆمان لە رێگەی پتەوترکردنی گەشتی ئاسمانی و دەریایی، چاودێری زانیاری و ئەنجامدانی نمایشی سەربازی، موشەکی و درۆنی، دەربڕیوە و لەمەش بەردەوامین".

ئەو دەڵێت: سوپای ئەمەریکا لە مانگەکانی رابردوودا هەوڵیدا لە رێگەی کشاندنەوەی فرۆکە و بەلەمەکانی لە کەنداو و دەریای عومان، وڵاتانی پاشکۆی خۆی بترسێنێت و جێی چۆلی خۆی بە سوپای رژێمی زایۆنی لە ناو فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا پڕبکاتەوە.

فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا، یەک لە شەش فەرماندەییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکایە.

دوای ئەوەی ئەمەریکا، سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک قاعیدە و داعشی خستە ناو لیستی گرووپە تیرۆریستییەکانەوە، ئێرانیش لە کاردانەوەیەکدا، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکای بە رێکخراوێکی تیرۆریستی ناساند.