سکاڵایەکی یاسایی دژی مالیکی تۆمار کرا

سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر سکاڵا لە دژی مالیکی تۆماردەکات

K24 – هەولێر

نەسار روبەیعی سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر لە دادگای کەرخی سێی بەغدا، سکاڵا لە دژی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تۆمار دەکات.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 7ـی ئەیلول)، نەسار روبەیعی سکاڵاکەی تۆمارکردووە و هۆکارەکەی بۆ ناوەڕۆکی ئەو تۆمارەدەنگییانە گەڕاندووەتەوە کە گوایە هی نووری مالیکین.

روبەیعی لە سکاڵاکەیدا رایگەیاندووە، "نووری مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکاندا حەشدی شەعبی بە نەتەوەیەکی ترسنۆک ناوهێناوە، هەروەها باسی کوشتن و هێرش بۆ سەر نەجەف و کوفە کردووە".

نەجەف و کوفە شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن.
بەپێی سکاڵاکەی روبەیعی، مالیکی گوتوویەتی "من تاکەکەس بوومە موقتەدا سەدرم کردووەتە ئامانج" و هەروەها هەوڵی پڕچەککردنی خێڵ و عەشیرەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت داوە.

سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر، داوایکردووە نووری مالیکی بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، گەشتی دەرەوەی لێ قەدەغە بکرێت و بخرێتە زیندان.

لە ماوەی رابردوودا چەندین تۆماری دەنگی کە گوایە هی نووری مالیکین، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی ناوخۆیی فراوانی لێکەوتەوە. نوری مالیکی رەتیکردووەتەوە تۆمارە دەنگییەکان هی ئەو بن.