سەرۆک بارزانی بۆ شاندی ئەمەریکا: لاریمان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە

ئەمەریکا داوایەک لە بارزانی دەکات
سەرۆک بارزانی و  یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
سەرۆک بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 - هەولێر 

شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە سەرۆک بارزانی کرد، هەوڵ بۆ چارەکردنی کێشە و قەیرانی سیاسیی عێراق بدات. هاوکات سەرۆک بارزانیش بە خستنەڕووی چەند مەرجێک، دووپاتیکردەوە "لاریمان لە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە".

ڕۆژی چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە ئەلینا ڕۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و، بەڕێز هیكس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر.

لە دیدارەكەدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سڵاوی سەرۆك بایدنی بە سەرۆك بارزانی گەیاند و هێمای بەوەدا كە سەرۆك بایدن بە بایەخێكی زۆرەوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات و، هەرێمی كوردستانیش یەكێكە لە ئەولەوییەتەكانی سیاسەتی دەرەكیی وڵاتەكەی و جەختیشی لەوە كردەوە كە سەروەری و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و عێراق، بناخەیە بۆ سەقامگیری و پێشكەوتنی ناوچەكە.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی پەرۆشیەكی زۆری بۆ پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە و، وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ رۆڵی سەرۆك بارزانی لە چارەسەركردنی كێشەكان لەسەر بنەمای دەستوور، داوای كرد كە سەرۆك بارزانی بە حیكمەت و كاریگەریی خۆی پتر بە رۆڵی خۆی بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و نەهێشتنی بنبەستی سیاسیی عێراق هەڵبستێت.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان سڵاو و ڕێزی بۆ سەرۆك بایدن هەبوو. هەروەها كورتەیەكیشی لەمەڕ بارودۆخی سیاسیی عێراق و هۆكارەكانی بنەبەستی سیاسیی عێراقی خستەڕوو. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە سەرچاوەی كێشەكان و قەیرانی سیاسیی عێراق بۆ پابەندنەبوونی بەغدا بە دەستوور و نەمانی بنەماكانی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان لە پڕۆسەی سیاسی و ڕێزنەگرتن لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان و پڕۆسەی دیموكراسی دەگەڕێتەوە.

لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند كە پێویستە بابەتە بنەڕەتییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە چوارچێوەی دەستوور چارەسەر بكرێن و هەر رێككەوتن و پێكهاتنێك دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور بە روونی و بە جددی كاری لەسەر بكرێت. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو كە لە عێراقدا دەبێت بۆ چارەسەری كێشەكان فەرهەنگی یەكترقبووڵكردن هەبێت و، نابێت هیچ لایەنێك هەوڵی سڕینەوەی لایەنی دیکە بدات و دەبێت رێز لە دەستوور بگرێت.

سەبارەت بە بیرۆكەی هەڵبژاردنی پێشوەختەش، سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپاتكردەوە كە "هیچ لاریەكمان لەمەڕ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە، بە مەرجێك زەمینەسازیی سیاسی و یاسایی بۆ بكرێت و هیچ لایەن و پێكهاتەیەك پەراوێز نەخرێت و رێزیش لە ئەنجامی هەر هەڵبژاردنێك بگیرێت كە بەڕێوەدەچێت.

.