نێچیرڤان بارزانی: كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ هێز و لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌رنابن

نێچیرڤان بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست
نێچیرڤان بارزانی و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست

K24-هه‌ولێر:

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، كۆبووه‌وه‌ و جه‌ختی له‌ پابه‌ندییه‌كانی واشنتن له عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نێچيرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ‏پێشوازى له‌ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست و شاندێكى ياوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ ئالينا رۆمانۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ به‌غدا و كونسولى گشتيى ‏ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان و ژماره‌يه‌ك له‌ ديپلۆماتكارانى ئه‌مه‌ريكى ئاماده‌یبوون، ‏په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ‏سياسيى عێراق و هه‌وڵى تێپه‌ڕاندنى سه‌ختييه‌كان، په‌يوه‌نديى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى ‏نێوانيان تاوتوێكران.‏

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ‏ناوەڕاست، وێڕاى گه‌ياندنى سڵاو و رێزى  جۆو بايدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌م وڵاته‌ به نێچيرڤان بارزانى، دووپاتیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌وان لێره‌ن بۆ جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ ‏په‌يامى پابه‌ندييان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان.

هه‌روه‌ها ‏گوتى: ئه‌مه‌ريكا به‌ گرنگى و بايه‌خێكى زۆره‌وه‌ له‌و په‌يوه‌ندييانه‌ ده‌ڕوانێت و هه‌موو ‏پشتگيرييه‌كى وڵاته‌كه‌ى بۆ به‌رقه‌راربوونى ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ عێراق دووپاتده‌كاته‌وه‌.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى سوپاس و پێزانين بۆ هاوكارى و پشتگيرييه‌كانى ‏ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، دووپاتكرده‌وه‌، كه‌ كێشه‌كانى عێراق به‌ ‏په‌راوێزخستنى هيچ هێز و لايه‌نێكى سياسى چاره‌سه‌ر نابن و پێويسته‌ پێكهاته‌كانى عێراق به‌ ‏گفتوگۆ و لێكگه‌يشتن، شێوازێك بۆ پێكه‌وه‌ژيان و پێكه‌وه‌هه‌ڵكردن بدۆزنه‌وه‌.‏

نێچیرڤان بارزانی چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌بوونى ياساى دابه‌شكردنى ‏داهاته‌كان و نه‌وت و گازى به‌ كليلى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى عێراق و ئارامى و سه‌قامگيريى ‏سياسيى وڵات له‌ قه‌ڵه‌م دا.

دووپاتیكرده‌وه‌، كه‌ عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى ‏كێشه‌كانى، پێويستى به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌يشتنى لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌كانى و پشتگيريى ‏وڵاتى دۆست هه‌يه‌. ‏

په‌يوه‌ندييه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى ‏كوردستان و گرنگی يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان، ره‌وشى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند ‏پرسێكى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏

7