مه‌سرور بارزانی: خەڵکی کوردستان ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی بێت

دیداری مه‌سرور بارزانی و باربارا لیف
دیداری مه‌سرور بارزانی و باربارا لیف

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ یاریدەدەری وەزیری  دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كرد و تاووتوێی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و چاكسازییه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و چه‌ند دۆسییه‌كی دیكه‌یان كرد، سه‌رۆكی حكومه‌تیش جه‌ختی له‌سه‌ر مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ (7ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ باربارا لیف یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كرد، كه‌ به‌ یاوه‌ری ئالينا رۆمانۆوسكى باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و كونسوڵى گشتى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.

له‌ دیداره‌كه‌دا، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، پابەندبوونی وڵاتەکەی بە بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگە دووپاتکردەوە. گوتیشی هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، بەتایبەتی ناکۆکییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی نەوت وگاز، کە پێویستە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن، چونکە چارەسەرنەکردنیان، کاریگەریی خراپی لە سەر ئارامی و سەقامگیری عێراق دەبێت .

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسێكی كورتی دەربارەی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم لە بواری هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێز خستەڕوو.

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جەختی لەوە کردەوە، کە خەڵکی کوردستان، قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە رەواکانی داوە، بۆیە ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەکانی ببێت. خواستی هەرێمی کوردستانیشمان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور، دووپاتکردەوە.

گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لە سەر عێراق و هەرێمی کوردستان، بایەخدان بە وزەی ژینگەدۆست و پاک و جێگرەوە، برەودان بە وەبەرهێنانی ئەمەریکی و گرنگیدان بە کەرتی تایبەت لە هەرێم، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

78
76876
78