گازپرۆم بە گۆرانییەك هۆشداری دەداتە ئەوروپا
K24 - هەولێر:
کۆمپانیای گازپرۆمی رووسی بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپێك کە گۆرانییەکی رووسی تێدایە، هۆشداری دەداتە ئەوروپا و دەڵێت، زستانی ئەمساڵ سەخت دەبێت.
کلیپەکەی گازپرۆم کە نزیکەی دوو خولەك دەبێت، گۆرانییەکی خانمە هونەرمەندی رووسی (ڤارڤارا ڤیزبۆر) و دیمەنی سەرماوسۆڵە و بەستەڵەكی چەند شارێکی ئەوروپی لەخۆدەگرێت.
گۆرانییەکە بە ناونیشانی (زستان سەخت دەبێت) بڵاوکراوەتەوە و ناوەڕۆکەکەی باس لە مردنی پایز و هاتنی زستانێکی سەخت دەکات.
بڵاوکردنەوەی ئەم کلیپە لەلایەن گازپرۆمەوە، هاوکاتە لەگەڵ قەیرانی وزەی ئەوروپا کە بەهۆی وەستانی گواستنەوەی گاز لە رێگەی پرۆژەی نۆرد ستریمەوە، وڵاتانی ئەوروپا ئاڵۆزی زیاتریان بۆ دروستبووە و نرخی گاز جارێکی دیکە بەرزبووەتەوە.
گازپرۆم هۆکاری وەستانی هەناردەکردنی گاز لە رێگەی نۆرد ستریمەوە، بۆ نۆژەنکردنەوەی بەشێکی پرۆژەکە گەڕاندەوە.
دەسەڵاتدارانی ئەوروپاش دەڵێن ئەوە خراپ بەکارهێنانی وزەیە، ئامانج لێی فشار و دابەشکردنی یەکێتی ئەوروپایە لە کاتێکدا پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکات لە دژی لەشکرکێشییەکانی رووسیا.