ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم داوای چۆڵكردنی دەوروبەری بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا ده‌كات

بنكه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا
بنكه‌ی ئه‌تۆمی زاپۆریژیا

K24 - هەولێر:

دوای راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بۆردومانەکانی سەر بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا دەستیانپێکردووەتەوە.

پارێزگاری هەرێمی نیپرۆپێترۆڤسک رایگەیاند، هێزەکانی رووسیا بۆردوومانی شاری نیکۆپۆل و دەوروبەری بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیایان کرد.

جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکرانیاش داوا لە هاووڵاتیانی ناوچەکانی دەوروبەری بنکە ئەتۆمییەکە دەکات، ماڵەکانیان چۆڵبکەن و شوێنێکی سەلامەتتر بدۆزنەوە.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، راپۆرتێکی لەسەر دۆخی بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا بڵاوکردەوە، تێیدا هۆشداری روودانی کارەساتی ئەتۆمی ده‌دات و داوایکرد بە زووترین کات ناوچەیەکی ئارام لە بنکە ئەتۆمییەکە پێکبهێنرێت.

لەهەمان کاتیشدا، ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا زانیارییه‌كانی ناو راپۆرتەکەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پشتراست کردووەتەوە.

بنکەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە سەرەتای هەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا، لەلایەن رووسیاوە کۆنترۆڵکراوه‌.

ئه‌م وێستگه‌یه‌ یەکێکە له‌ گەورەترین وێستگەکان لەسەر ئاستی ئەوروپا، لە ئاداری 2022 لە لایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵکراوە، بەڵام کارمەندەکانی ناو وێستگەکە ئۆکرانین.