ململانێكانی رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌چێته قۆناغێكی نوێوه
K24 – هه‌ولێر:
گرژی و ئاڵۆزییه‌كانی نێوان رووسیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی گازی سروشتی رووسی و چاره‌نووسی وێستگه‌ی زابۆریژیای وزه‌ی ناووكی، پێده‌نێته قۆناغێكی نوێ و سه‌رۆكی رووسیاش ئاماژه به دروستكردنی بلۆكێكی هاوپه‌یمانی ده‌كات له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئاسیا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه (7ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، جارێكی‌تر گرژییه‌كانی نێوان رووسیا و وڵاتانی ئه‌وروپا گه‌یشته ئاست هه‌ڕه‌شه‌كردن، سه‌باره‌ت به هه‌نارده‌كردنی گازی رووسیا بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا. له‌كاتێكدا ئۆكرانیا هۆشداریدا له سه‌رهه‌ڵدانی كاره‌ساتێكی مرۆیی له وێستگه‌ی زابۆریژیای وزه‌ی ناووكی كه مه‌رتسییه‌كانی سنووری ئۆكرانیاش تێپه‌ڕبكات.
ڤێلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا ره‌تیكرده‌وه وڵاته‌كه‌ی وزه وه‌ك چه‌كێك له‌دژی ئه‌وروپا به‌كاربهێنێت، هه‌رچه‌نده هه‌ڕه‌شه‌ی راگرتنی هه‌نارده‌كردنی گازی سروستی كرد ئه‌گه‌رهاتوو سنوورێك بۆ نرخی نه‌وت و گازی رووسیا دابنرێت.
له‌میانه‌ی دیداری ئابووری فلادیفوستوك، سه‌رۆكی رووسیا، دیاریكردنی سنوورێك بۆ به‌رهه‌مه ستوومه‌نییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌لایه‌ن وڵاتانی دیكه‌وه به"گه‌مژه‌یی" له‌قه‌ڵه‌مدا.
پوتن گوتیشی، "هیچ شتێك به ئه‌وروپا ناده‌ین ئه‌گه‌رهاتوو دژی به‌رژه‌وه‌ندییه ئابوورییه‌كانمان بێت، نه گاز، نه نه‌وت، نه خه‌ڵووز، نه رۆن و سووته‌مه‌نی".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، ئۆرسۆلا فۆن دێر لایین، كۆمسیاری باڵای یه‌كێتی ئه‌وروپا داوای له‌وڵاتانی ئه‌ندام له یه‌كێتییه‌كه‌ی كرد، ئاستێك بۆ نرخی هه‌نارده‌ی گازی رووسی دیاریبكه‌ن، له چوارچێوه‌ی رێكاره‌كانی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی سه‌رچاوه‌كانی وزه له ئه‌وروپا.
ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، دیاریكردنی نرخ بۆ سووته‌مه‌نی رووسیا، داهاتی ئه‌و وڵاته‌ش كه‌مده‌كاته‌وه كه مۆسكۆ له جه‌نگی ئۆكرانیا خه‌رجی ده‌كات.
هه‌روه‌ها گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا، ئیدانه‌ی هه‌ڵوێستی رووسیای كرد له‌دژی وڵاتانی ئه‌وروپا كه هه‌ڕه‌شه‌ی زستانێكی ساری كردبوو بۆ ئه‌وروپییه‌كان.
ئۆكرانیا باوه‌ڕی وایه، هه‌ڕه‌شه‌كانی رووسیا په‌یوه‌ندی به سه‌پاندنی سزاكانی ئه‌وروپاوه نییه بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته، به‌ڵكو وه‌ك قۆناغی دووه‌می جه‌نگی رووسیا بۆ هه‌ڕه‌شه‌كردن له سه‌قامگیری ئه‌وروپا، دایده‌نێت.
سه‌رۆكی رووسیا جه‌ختیشی له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و ئاسیا كردووه‌ته‌وه، به تایبه‌تی له‌گه‌ڵ چین بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی "شه‌ڕانگێزی رۆژئاوا له بواره‌كانی ته‌كنه‌لۆژیا و دارایی و ئابووری" له دژی ناوچه‌كه.
هه‌روه‌ها له‌میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سڕبیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا، پشتیوانی له‌و بیرۆكه‌یه‌ی سه‌رۆكی رووسیا كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا "رۆژئاوا سیاسه‌تی ئیسفزازی له‌دژی مۆسكۆ په‌یڕه‌و ده‌كات".
كاره‌ساتێكی مرۆیی
له به‌رلین، راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئۆلاف شۆڵتس، كه وڵاته‌كه‌ی زۆر پشت به گازی رووسیا ده‌به‌ستێت، رایگه‌یاند، ئه‌مساڵ ئه‌ڵمانیا به ئازایه‌تی و سه‌ره‌ڕای مه‌ترسییه‌كانی كه‌می هاورده‌ی گاز، زستان به‌ڕێده‌كات.
پوتن، وه‌ڵامی تۆمه‌تی خۆرئاواییه‌كانی دایه‌وه، كه ده‌ڵێن، رووسیا به‌هۆی شه‌ڕی ئۆكرانیاوه، فشاری خستووه‌ته سه‌ر ئه‌و وڵاته گه‌شه‌كردووانه‌ی پشت به گه‌نمی ئۆكرانیا ده‌به‌ستن.
هێشتا مه‌ترسییه‌كان له باره‌ی وێستگه‌ی زابۆریژیای وزه‌ی ناووكی كۆتاییان نه‌هاتووه، كه ماوه‌ی شه‌ش مانگه رووسیا ده‌ستی به‌سه‌ردا گرتووه.
سه‌رۆكی ئاژانسی ناووكی ئۆكرانیا، رایگه‌یاند، هه‌ر كاره‌ساتێك له زابۆریژیا رووبدات، كاریگه‌ری له‌سه‌ر وڵاتانی ناوچه‌كه‌ش ده‌بێت.
ئولیگ كوریكۆڤ، سه‌رۆكی ئاژانسه‌كه له لێدوانێكدا بۆ رۆژنامه‌نووسان وتی: دڵی وێستگه‌كه زیانی به‌ركه‌وتووه و لێكه‌وته‌كانی تایبه‌ت نابن به ئۆكرانیاوه.
زابۆریژیا بۆمبا‌باران كراوه و هه‌ریه‌ك له مۆسكۆ و كیێڤ یه‌كدی به بۆمبابارانه‌كه تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
سێشه‌ممه، دوای ئه‌وه‌ی شاندی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی سه‌ردانی وێستگه‌كه‌یان كرد، رایانگه‌یاند، ره‌وشه‌كه به‌و جۆره ناچێته سه‌ر. پێویسته ناوچه‌یه‌كی ئارام بۆ وێستگه‌كه درووستبكرێت.
سه‌رۆكی كۆمپانیای ئانیرگواتۆم، كه تایبه‌ته به خستنه‌گه‌ڕی وێستگه‌ی پیترۆ كوتین، رایگه‌یاند، پێویسته سه‌ربازی ئاشتی پارێز ره‌وانه‌ی زابۆریژیا بكرێن.
به‌ڵام وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ، داوای روونكردنه‌وه‌ی له ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناووكی كردووه له باره‌ی ناوه‌ڕۆكی ئه‌و راپۆرته‌وه.
هاوكات پوتن، ره‌تیكرده‌وه هیچ یه‌كه‌یه‌كی سه‌ربازی و كه‌رسته‌یه‌كی سه‌ربازی له ناوچه‌كه جێگیر كرابن.
له مۆسكۆ، پارتی فه‌رمانڕه‌وا دوێنێ سێشه‌ممه پێشنیازی كرد، له‌و ناوچانه‌ی ئۆكرانیا كه كه‌وتوونه‌ته ژێر ده‌سه‌ڵاتی رووسیا راپرسی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه سه‌ر رووسیا.
سكرتێری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی رووسیای ئیتیحادی، ئاندریی تورچاك، رایگه‌یاند، دۆنیتسك و لۆگانسك و زۆرێك له شاره رووسییه‌كانی دیكه ده‌یانه‌وێت بگه‌نه كه‌ناری ئارامی و رۆژی چواری مانگی نۆڤه‌مبه‌ری داهاتوو كاتییه‌تی بۆ ئه‌نجامدانی راپرسی له‌و ناوچانه‌دا.
له شاری كیێڤی پایته‌ختی ئۆكرانیا، سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای ئۆكرانیا، ڤالێری زالۆجنی، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه رایگه‌یاند، له مانگی ئابی رابردوودا ژماره‌یه‌ك بنكه‌ی سه‌ربازی رووسی له دوورگه‌ی قرم كراونه‌ته ئامانج و مووشه‌كباران كراون.