چاڤی خه‌م بۆ مێسی ده‌خوات
چاڤی هێرناندێز راهێنه‌ری یانه‌ی بارسێلۆنا دوای ئه‌وه‌ی له یه‌كه‌مین یاریی ئه‌م وه‌رزه له چامپیۆنزلیگ سه‌ركه‌وتنی تۆمار كرد و له نێو یاریگه‌ی كامپ نوو گۆڵبارانی ڤیكتۆریا پلزنی كرد، گوتی: لە ژیانمدا یاریزانێكی وەکو عوسمان دێمبڵیم نەبینیوە و ئه‌و وه‌كو خه‌نجه‌ر وایه، لیڤاندۆڤسكیش به‌رده‌وام برسی گۆڵكردنه و تێر نابێت.
یانه‌ی بارسێلۆنا دوای ئه‌وه‌ی له نێو یاریگه‌ی خۆی به 5 گۆڵ به‌رامبه‌ر تاكه گۆڵێك شكستی به یانه‌ی ڤیكتۆریا پلزنی چیكی هێنا، چاڤی هێرناندێز له پرێس كۆنفرانسێك رایگه‌یاند هێشتا زوو كه بڵێین بارسێلۆنا گه‌ڕاوه‌ته‌وه.
له‌مباره‌یه‌وه چاڤی ده‌ڵێت: لیڤاندۆڤسكی مرۆڤێكی برسییه، له گۆڵكردن تێر نابێت، به‌راستی گرێبه‌ستێكی سه‌رسوڕهێنه‌ری بارسێلۆنایه، ئه‌و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی یاریزانه‌كان كردووه كه به هێزه‌وه یاری بكه‌ن، لیڤا زۆر به جوانی و به وردی ته‌واوی یاریگه ده‌خوێنێته‌وه، به‌راستی عاشقی ئه‌و بووم، له‌و یارییه‌دا حه‌زی نه‌كرد له یاریگه بێته ده‌ره‌وه، بۆیه گۆڕانكاریم پێ نه‌كرد.
چاڤی گوتیشی: عوسمان دێمبلی ئاستی وه‌كو هه‌میشه له لوتكه بوو، ئه‌وكاته‌ی رووبه‌ڕووی یاریزانی به‌رامبه‌ر ده‌بێته‌وه وه‌كو خه‌نجه‌ر وایه، هاوشێوه‌ی نێیماره، به‌راستی به‌رگریكردن له دژی یاریزانانی وه‌كو دێمبلی و نێیمار زۆر قورسه.
له پرێس كۆنفرانسه‌كه‌دا چاڤی باسی مێسی كرد و رایگه‌یاند خه‌م و په‌ژاره‌ی رۆیشتنی لیۆنێل مێسی له بارسێلۆنا كه باشترین یاریزانی مێژووه هه‌رگیز كۆتایی نایه‌ت، ده‌شڵێت: لیۆ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی بۆ بارسێلۆنا كردی ناوازه و سه‌رسوڕهێنه‌ربوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌و بابه‌ته كۆتایی هاتووه، زۆر یاریزانی دیكه‌مان هه‌یه كه بانگهێشتم كردوون ده‌توانن جیاوازی دروست بكه‌ن، به‌راستی به ئاستی یاریزانه یه‌ده‌گه‌كانم له‌و یارییه سه‌رسام بووم.
چاڤی ڕه‌تی كرده‌وه بارسیێلۆنا گه‌ڕابێته‌وه سه‌رده‌می زێرینی خۆی، له‌مباره‌یه‌وه گوتی: جارێ زووه كه پێمانوا بێت بارسێلۆنا گه‌ڕاوه‌ته‌وه، چونكه كۆمه‌ڵه‌كه‌مان قورسه و ده‌بێت بۆ رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی بایرن میونشن بچینه ئه‌ڵمانیا و دواتر له میلانۆ رووبه‌ڕووی ئینته‌ر ببینه‌وه.