رووسیا هەڕەشەی بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی دەکات

"مۆسکۆ بۆ ناچارکردنی بەرامبەر بە سازش ئامادەیە دەست بۆ چەکی ئەتۆم ببات"
ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - مۆسکۆ

لە دوای سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە، بەھۆی ھاوکارییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی رۆژئاوا بۆ ئۆکراینا، کاربەدەستانی مۆسکۆ چەندین جار ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمیان کردووە، پەیوەست بەم بابەتە پسپۆڕ و شارەزایان لە مۆسکۆ دەڵێن: لە ئەگەری دروستبوونی ھەڕەشە بۆ سەر رووسیا، کرێمل بە چەکی ئەتۆمی گورز لە نەیارەکانی دەوەشێنێت.

بەھۆی ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا و ھاوکارییەکانی ناتۆ بۆ ئۆکراینا، کاربەدەستانی رووسیا نیگەرانی دەردەبڕن و ھەڕەشەی بەکارھێنانی چەکی ئەتۆمی دەکەن، ھەربۆیە پسپۆڕان لە مۆسکۆ رێکەوتنێکی دیکە بۆ سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی بە پێویست دەبینێت.

لەوبارەوە ئەلیکساندەر یەرماکۆڤ پسپۆڕی سەربازیی لە مۆسکۆ، بە کوردستان24ی گوت: "شەڕی چەکی ئەتۆمی لەم چەند ساڵەی دواییدا بووەتە مژارێکی گەرم، ئەم بابەتە راستەوخۆ پەیوەندی بە گرژییەکانی نێوان زلھێزەکانەوە ھەیە، ئەمەریکا و رووسیا لەلایەک و ئەمەریکا و چین لە لایەکی دیکەوە، ئەو باسە دەستبەجێ لەگەڵ ناکۆکییەکاندا دێتە پێشەوە، ھیوام وایە ھەبوونی ئەو چەکانە لای ئەم وڵاتانە و مەترسییەکانی پاشھاتی جەنگی ناوکی رایانبگرێت، لە دەستبردن بۆ ھەنگاوی لەو چەشنە، بێگومان ئەو رێککەوتنانەی لەسەر چەکی ئەتۆمی لەماوەی جەنگی سارددا واژۆکران، بەشێکیان کۆتاییان پێھێنراوە، بەڵام لایەنی سەرەکی رێککەوتنەکان ئەمەریکا و رووسیا، رێککەوتنی بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆم ھێشتا بەرکارە، بە بڕوای من لەپاش قۆناغی ئێستاوە پێویستمان بە رێککەوتنی نوێ ھەیە لەسەر چەکی ناوکی و بە بەشداری گەمەکەر و وڵاتی نوێ لە رێککەوتنەکەدا، بە نموونە چین یان وڵاتانی دیککەی زلھێز".

لە دوای سەرھەڵدانی جەنگی ئۆکراینا و رووسیاوە، بەکارھێنانی چەکی ئەتۆم زۆربەی ناوەندە سیاسی و میدیاییەکانی جیھانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ھێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپەرۆژێی ھێندەی دیکە مەترسییەکانی زیاتر کردووە.

کەنستەنتین بەگدانۆڤ، لێکۆڵەر لە ئەکادیمای زانستی رووسیا دەڵێت: "بابەتی تۆمەتبارکردنی رووسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە رووسیا چەکی ئەتۆمی ھەیە، بۆ ھێرشکردن نەک تەنھا بۆ بەرگری، پاشان پەیوەندی بەو چەواشەکارییانەوە ھەیە کە لەسەر رووسیا لە خۆراوادا بڵاودەکرێنەوە لە ماوەی 10 بۆ 15 ساڵی رابردوودا، گوایە رووسیا بۆ ناچارکردنی بەرامبەر بە سازش ئامادەیە دەست بۆ چەکی ئەتۆم ببات، پاشان ھەندێکی پەیوەستە بەو رەوشەی لە ئۆکراینادا ھەیە، ئەمانە قسەی بێبنەما و پووچن، چونکە لە ئۆکراینا ھەموو ھەوڵەکان بۆ پاراستنی وێستگە ئەتۆمییەکان لە زیان، پاشان ئەگەر دۆخەکە لە سنووری ئۆکراینا بپەڕێتەوە و رووسیا رووبەڕوو لەگەڵ ناتۆ پێکدا بدات، ئەوکات فاکتەری چەکی ئەتۆم ئەشێت ببێتە بابەتی جەنگ".

چەند رۆژێک لەمەوبەر، دمتری مێدڤێدیڤی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی رووسیا و سرگێی ریبکۆڤی جێگری وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە رایانگەیاندووە، ئەگەر بە چەکی ئەتۆمی یان ھەر چەکێکی ئاسایی ھێرش بکرێتە سەر مۆسکۆ و ھاوپەیمانەکانیان، رووسیا چەکی ئەتۆم لە دژیان بەکار دەھێنێت، وەک پسپۆڕ و شارەزایانیش دەڵێن، لە ئەگەری دروستبوونی ھەڕەشە بۆ سەر رووسیا، کرێمل بە چەکی ئەتۆم گورز لە نەیارەکانی دەدات.