بەهۆی خواردنی لەفە لە زاخۆ 185 کەس ژەهراویبوون

ئەو خواردنگەیەی خواردنی ناتەندروستی داوە بە هاووڵاتیان داخرا و خاوەنەکەشی دەستگیرکرا
ئەو گۆشتەی هاووڵاتیان بەهۆیەوە ژەهراوی بوون
ئەو گۆشتەی هاووڵاتیان بەهۆیەوە ژەهراوی بوون

K24 – زاخۆ

بەهۆی خواردنی گۆشتی ماوە بەسەرچوو لە خواردنەگەیەکی قەزای زاخۆ، 185 کەس ژەهراویبوون و خاوەنی خواردنگەکەش دەستگیرکرا.

راگەیاندنی قایمقامیەتی ناوەندی زاخۆ رایگەیاند، دوێنێ چوارشەممە 7ی ئەیلوولی 2022، بەهۆی جێبەجێ نەکردنی رێنماییە تەندروستییەکان 185 کەس لە خواردنگەیەکی زاخۆ ژەهراوی بوون، ئەو کەسانەی ژەهراویبوون، سەردانی نەخۆشخانەی گشتی زاخۆیان کردووە و چارەسەری تەندروستیان وەرگرتووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی راگەیاندنی قایمقامیەتی زاخۆ، ئەو کەسانەی ژەهراویبوون زۆربەیان رەوانەی ماڵەوە کراون، تەنیا 35 کەس لەژێر چاودێری پزیشکیدان.

ئیسلام یوسف، پەیامنێری کوردستان24 لە زاخۆ رایگەیاند، ئەو خواردنگەیەی خواردنی ناتەندروستی بە هاووڵاتییان فرۆشتووە و بووەتە هۆی ژەهراویبوونی 185 کەس، لەلایەن لیژنەکانی قایمقامیەتی زاخۆ داخرا و خاوەنی خواردنگەکەش دەستگیرا.

پەیامنێرمان روونیکردەوە، ئەو خواردنگەیە لەفەی گۆشتی ماوە بەسەرچووی بە هاووڵاتیان فرۆشتووە، ئەمەش بووەتە هۆکاری ژەهراویبوونی ئەو هاووڵاتیانە.

موشیر محەمەد، قایمقامی ناوەندی قەزای  زاخۆ بە کوردستان24ی گوت: "ئەو خواردنگەیە خواردنی خێرایی فرۆشتووە، کە بووەتە هۆی ژەهراویبوونی هاووڵاتیان، خاوەنەکەی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەش لەسەر ئەو بابەتە بەردەوامە".

گوتیشی: "دوو لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە ژەهراویبوونی ئەو هاووڵاتییانە پێکهێنراوە، لیژنەیەکی تەندروستی و لیژنەیەکی ئیداری کە داواکاری گشتی بەشێکە لە لیژنەی ئیداری، دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بۆ رایگشتی ئاشکرا دەکەین".

کاتی داخستنی خواردنگەکە
کاتی داخستنی خواردنگەکە
.
.