"ئەمەریکا لە حەسەکە مەشق بە شەڕڤانانی هەدەسە دەکات"

هێزەکانی ئەمەریکا و هەسەدە - فۆتۆ: AA
هێزەکانی ئەمەریکا و هەسەدە - فۆتۆ: AA

K24 - هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ئەنادۆڵ، هێزەکانی ئەمەریکا لە سنووری پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان مەشق بە شەڕڤانانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکەن.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ ئاماژەی بەوەداوە، سەربازانی سوپای ئەمەریکا، لە ناوچەیەکی نزیک لە سنووری نێوان تورکیا - عێراق، لە شارۆچکەی مالیکییە خۆرهەڵاتی پارێزگای حەسەکە، مەشقی چەکداری بە شەڕڤانانی هەسەدە دەکات، کە ئەو ئاژانسەی هەواڵی تورکیا بە "تیرۆریستانی یەپەگە/پەکەکە" ناویان دەبات.

ئەنادۆڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو، هێزەکانی ئەمەریکا، لەو شوێنانەی سووریا جێگیرین کە یەپەگە/پەکەکە داگیریکردووە، بەردەوامن لە پێدانی مەشقی چەکداری بە رێکخراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە ماوەیەکە تورکیا هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی سەربازی دەکات بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان. دوێنێ 7ی ئەیلوولی 2022، روانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کاروانێکی دیکەی هاوکاری سەربازی و لۆجستی کە لە 50 بارهەڵگر پێکهاتووە، لە رێگەی دەروازەی وەلید ناردووەتە رۆژئاوای کورستان.

راشیگەیاندووە، هاوکارییەکان لە زریپۆش، تانکەری سووتەمەنی پێکهاتوون لە بنکەکانی تەل بێدر، رمێلان و شەدادی رۆژئاوای کوردستان جێگیرکراون.