کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ تایبەتمەندی نوێی بۆ ژنان زیادکرد

"خزمەتگوزاری چاودێریکردنی سووڕی مانگانە دەداتە ژنان"
کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ
کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ

K24 - هەولێر:

کاتژمێرە نوێیەکەی کۆمپانیای ئەپڵ کە دوێنێ چوارشەممە لە ویلایەتی کالیفۆرنیا لە بۆنەیەکی تایبەت بە بەرهەمە نوێیەکانی ئەپڵ پەردەی لەسەر لادرا، خزمەتگوزاری چاودێریکردنی سووڕی مانگانە دەداتە ژنان.

لەنێو تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی (ئەپڵ واتچ سیریز 8) هەستەوەری پلەی گەرمی هەیە کە خەمڵاندنێک سەبارەت بەو پرۆسەیە دەخاتەڕوو کە تێیدا هێلکەیەک لە هێلکەدانی ژنێکەوە دەردەچێت و بەردەست دەبێت بۆ پیتاندن.

بە گوێرەی کۆلێژی پزیشکانی منداڵبوون و ژنانی ئەمەریکی، پلەی گەرمی جەستەی ژن لەکاتی پشوودا لە بەرزیدایە تاکاتی چوونە نێو سووڕی مانگانەوە.

کاتژمێرە نوێیەکەی ئەپڵ دوو هەستەوەری پلەی گەرمی هەیە، یەکەمیان بەر پێستی کەسەکە دەکەوێت، دووەم لەژێر شاشەی کاتژمێرەکەوەیە بۆئەوەی وردتر چاودێری پلەی گەرمی کەسەکە بکات.

 کۆمپانیای ئەپڵ دەڵێت دوای بەکارهێنانی تایبەتمەندییەکانی خەو لە کاتژمێرەکەدا بۆ ماوەی پێنج شەو لەسەر یەك، ئامێرەکە دەستدەکات بە ناسینەوەی گۆڕانکارییەکانی پلەی گەرمی. دوای نزیکەی دوو سوڕی مانگانەش، بەکارهێنەرانی کاتژمێرەکە دەتوانن دەستبکەن بە وەرگرتنی خەمڵاندن سەبارەت بە پرۆسەی هێلکەدان.