وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئۆکرانیا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کیێف
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کیێف

K24 – هەولێر

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردانێکی رانەگەیەندراودا، گەیشتە کیێفی پایتەختی ئۆکرانیا و باسی لە یارمەتیی دوو ملیار دۆلاریی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا و ئەو وڵاتانە کرد کە هەڕەشەی رووسیایان لەسەرە.

بلینکن لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئۆکرانیا، قسەی لەبارەی یارمەتی درێژخایەنی ئەمەریکا و ئەو دوو ملیار دۆلارە کرد کە جۆو بایدن بۆ ئۆکرانیا و ئەو 18 دراوسێیەی دیاریکردووە کە " لە داهاتوودا زۆرترین ئەگەری مەترسیی دەستدرێژی رووسیایان لەسەر  دەبێت".

ئەمە جیا لەو یارمەتییە 675 ملیار دۆلارییەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیایە کە زیاتر چەکی قورس لەخۆ دەگرێت. لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگری ئەمەریکا، ئەمڕۆ لە شاری رامشتاینی ئەڵمانیا، باسی لەو یارمەتیەی وڵاتەکەی بۆ ئۆکرانیا کرد.

ئۆستن گوتی: هێزەکانی ئۆکرانیا لە باشووری وڵاتیان، بەرپەرچی هێرشەکان دەدەنەوە و ئەمە بە واتای قۆناغێکی دیکەی شەڕە. ئێمە، ئێستا سەرکەوتنی نمایشکراوی هەوڵە هاوبەشەکانمان لە گۆڕەپانی شەڕدا دەبینین.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا، لە کۆبوونەوەی گرووپی پەیوەندی بەرگری ئۆکرانیادا کە جێنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ و وەزیری بەرگری ئۆکرانیا و بەرپرسانی هاوپەیمانان بەشدارییان تێدا کرد، گوتی: شێوەی شەڕەکە لە گۆڕاندایە و بەهەمان شێوەیە ئەرکی ئەم گرووپی پەیوەندییەش لە گۆڕاندایە.