7000 ئەندامی نێرینەی گوێدرێژ لە نەیجیریا دەستی بەسەردا گیرا

K24 - هەولێر:
گومركی نەیجیریا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەو وڵاتە دەستبەسەر حهفت ههزار ئەندامی نێرینەی گوێدرێژدا دەگرن، کە بڕیاربوو بۆ هۆنگ کۆنگ بگوازرێنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، حهف ههزار ئەندامی نێرینەی گوێدرێژ خرابوونە ناو 16 کیسەوە و، لەلایەن بەرپرسانی گومرك لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مورتالا موحەممەد دەستیان بەسەردا گیراوە.
ئاماژە بەوەش درا، بڕیاربووە کیسەکان لەو فڕۆکەخانەیەوە بۆ هۆنگ کۆنگ بگوازرێنەوە.
سامبۆ دانگالادیما، بەرپرس لە گومركی فڕۆکەخانەکە بە BBCی راگەیاند، ئەندامی نێرینەی گوێدرێژ لە بەشی هەناردەی ئاژەڵ لەناو کیسدا بوون، بەهۆی ئەوەی کیسەکان بۆنیان لێهاتووە، گومانیان لەسەر دروستبووە و دواتر پشکنینیان بۆ کراوە و دەستیانبەسەردا گیراوە.
ئەندامی نێرینەی گوێدرێژ لە چەند ناوچەیەکی چین، بۆ دروستکردنی دەرمانێك بەکاردێت بەناوی (ejiao)، ئەو کەسانەی دەرمانەکە بەکاردەهێنن، دەڵێن سووڕی خوێن چالاک دەکات و هاوکارە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی زاوزێدا.
لە نەیجیریا کوشتنی گوێدرێژ بۆ بازرگانیكردن به ئهندامانی جهستهی و بە قاچاغ گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی دیکە، قهدهغهیه.
بە گوتەی دەسەڵاتدارانی نەیجیریا، لە نێوان ساڵانی 2012 تا 2018 وڵاتهكهیان شەش ملیار دۆلاری لە بە قاچاغبردنی ئەندامی جەستەی گوێدرێژدا زیانی بهركهوتووه.
کۆمەڵەی بازرگانانی گوێدرێژ لە نەیجیریا داوا لە حکومەت دەکات، ئەو کەسانەی لەم کارە "قێزەونەدا" تێوەگلاون، بدرێنە دادگا و سزابدرێن.