هەنگاو: ژنێک لە ترسی دەستدرێژی سێکسی لە ماڵێکەوە خۆی فڕێداوەتە خوارەوە

هەنگاو: شلێر ڕەسووڵی دوای شەش رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا
شلێر رەسووڵی تەمەن 36 ساڵ
شلێر رەسووڵی تەمەن 36 ساڵ

K24 – هه‌ولێر:

ئەو ژنەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ترسی دەستدرێژی سێکسی لە نهۆمی دووەمی ماڵێکەوە خۆی فڕێدایە خوارەوە، گیانی لەدەستدا.

رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە، شلێر رەسووڵی تەمەن 36 ساڵ کاتژمێر 2ی سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە (3ی سێپتەمبەری 2022)

بۆ یارمەتیدانی هاوژینەکەی، کە گوایە نەخۆشە چووەتە ماڵی  (گ.ق) خەڵکی گوندی گۆشخانی و دانیشتووی مەریوانه‌.

ئاماژەى بەوەشکردووە، کاتێک شلێر دەچێتە ژوورەوە دەبینێت کە هاوژینەکەی لە ماڵ نییە و پیاوەکەى دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەری. هەر بۆیەش شلێر لە پەنجەرەی نهۆمی دووەمی ماڵەکەوە خۆی فڕێدەداتە خوارەوە.  

بەپێی هەواڵی رێکخراوەکە، تۆمەتبار (گ.ق) هەمان رۆژ لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە.

شلێر رەسووڵی دایکى دوو منداڵە خەڵکی گوندی چەشمیەری سەر بە سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان بووە، هاوسەرەکەشی لە هەرێمی کوردستان سەرقاڵی کرێکاری بووە.   

هەنگاو دەڵێت، بە پشتبەستن بە قسەی خەڵکی مەریوان، " تۆمەتبار لە ساڵانی ڕابردوو هاوکاری ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانى کردووە و پەیوەندی هەبووە لەگەڵیان و چەندین جاریش بە هۆی دزی، دەمەقاڵێ و چەقۆکێشییەوە دەستبەسەرکرا، بەڵام بەهۆی ئەو پەیوەندییانەوە زوو ئازاد کراوە.