ئه‌ردۆغان: سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی داعشمان ده‌ستگیر كردووه‌

گومانده‌كرێت خه‌لیفه‌ی داعش بێت
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی كۆماری توركیا

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكی توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، رایگه‌یاند، هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی توركیا توانیویانه‌ سه‌ركرده‌یه‌كی گه‌وره‌ی داعش ده‌ستگیر بكه‌ن.

ئه‌ردۆغان له‌ دوای گه‌شتێكی بۆ ناوچه‌ی به‌ڵكان و له‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ توركیا وتی: سه‌ركرده‌یه‌كی داعش به‌ ناوی "به‌شار خه‌تاب غه‌زال ئه‌لصومه‌یده‌عی" ناسراو به‌ "ئه‌بو زه‌ید" ده‌ستگیر كراوه‌.

وتیشی: به‌ گوێره‌ی راپۆرتێكی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كه‌ له‌ مانگی ته‌مموز/ یۆلیۆی ئه‌مساڵ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌لصومه‌یده‌عی یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ به‌رپرسانی رێكخراوی داعش.

میدیای توركیا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌ستگیركراوه‌، له‌ واقیعدا كه‌سێكه‌ ناسراو به‌ "ئه‌بو حه‌سه‌ن ئه‌لهاشمی ئه‌لقوڕه‌یشی" و گومانده‌كرێت خه‌لیفه‌ی نوێی داعش بێت.

ئه‌ردۆغان روونیكرده‌وه‌، ماوه‌یه‌كی زۆره‌ چاودێری په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌و تیرۆریسته‌ له‌ سووریا و ئیستانبوڵ ده‌كه‌ن و زانیاری ئه‌وه‌ش به‌رده‌ست بوو، كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ قاچاغ بێته‌ توركیا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، پۆلیسی ئیستانبووڵ و هه‌واڵگری توركیا به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ كرده‌یه‌كی ئه‌منییدا توانیویانه‌ ده‌ستگیری بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌: AFP