ئەمەریکا هۆشداری لە دۆخی کەمپی هۆل دەدات

داوا لە وڵاتان دەکات هاووڵاتییانیان لەو کەمپە بگەڕێننەوە
کەمپی هول
کەمپی هول

K24 - هەولێر

ئەمەریکا هۆشداری لە دۆخی کەمپی هۆل دەدات و داوا لە وڵاتان دەکات، هاووڵاتییانیان لەو کەمپە بگەڕێننەوە.

سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا رایگەیاند، مایکل کۆریلا، فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمەریکا سەردانی کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانی کردووە، کەمپەکە بووەتە هەڕەشەیەکی راستەقینە لەسەر ناوچەکە و رووبەڕووی کارەساتێکی گەورەی مرۆییش بووەتەوە.

ئاماژە بەوەشدەکات، ئەرکی هەسەدە لە پاککردنەوەی کەمپەکە بەردەوامە، هێزەکانی ئەمەریکا لەگەڵ هەسەدە بەردەوام دەبن لە چارەسەرکردنی دۆخی کەمپەکە و هەماهەنگییەکەش بۆ بەردەوامی شەڕی لەناوبردنی داعشە.

سەرکردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریکا راشیگەیاند، بژاردەی سەربازی قەیرانی کەمپی هۆل چارەسەر ناکات، تاکە چارەسەر ئەوەیە وڵاتان هاووڵاتییانیان لە کەمپەکە بگەڕێننەوە، نیوەی خەڵکی کەمپەکە عێراقین، ئەگەر عێراق تەواوی هاووڵاتییانی بگەڕێنێتەوە، کۆنتڕۆڵکردنی کەمپەکە ئاسانتر دەبێت.

كه‌مپی هۆل ده‌كه‌وێته‌ دووری 45 كیلۆمه‌تر له‌ خۆرهه‌ڵاتی حه‌سه‌كه‌ و گه‌وره‌ترین كه‌مپی كه‌سوكاری چه‌كدارانی داعشه‌ و 71 هه‌زار كه‌سی سه‌ر به‌ داعشی تێدایه‌ و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە) پاسەوانی دەکرێت.