بارگاویکردنی هەورەکان؛ رکەبەرییەکی دیکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

K24 – هەولێر

پێدەچێت وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ بارگاویکردنی هەورەکان، بەربەرەکانێیان هەبێت. وشکەساڵیی فراوان، لاوازی لە بەڕێوەبردنی سامانی ئاو، فراوانبوونی کشتوکاڵ و هەڵکشانی ژمارەی دانیشتووان، رۆژبەرۆژ پێویستیی ئاو زیاتر دەکات.

هاوکات لەگەڵ ئەمە، هەندێ قسە دەگوترێ و هەندێ پلان جێبەجێ دەکرێن کە پێویستیان بە پێداچوونەوە هەیە، بۆ نموونە دزینی هەورەکان. بەڕاست ئەو پرسە بە چ رادەیەک کردەنییە؟ بۆچوونی بارگاویکردنی هەورەکان تا چ رادەیەک سەرکەوتوو بووە؟ ئەرێ لە رێگەی بارگاویکردنی هەورەکانەوە دەتوانین رووبەڕووی وشکەساڵی ببینەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، سەرەتا پێویستە بزانین چۆن باران لەناو دڵی هەورەکاندا دروست دەبێت. روونکردنەوە کورت و پوختەکەی بەو شێوەیەیە: هەر کاتێک هەڵم سارد دەبێتەوە، هەور دروست دەبێت. کاتێک دڵۆپەکانی ئاو لە ناو هەوردا بەیەکەوە دەلکێن، قورس دەبن و توانای هەڵپەسێردراویی خۆیان لەدەست دەدەن و دەکەونە خوارێ (لە پلەی ژێر سفر دەبێتە بەفر و لە سەرووی سفر دەبێتە باران). ئەو دڵۆپە ئاوانە بۆ ئەوەی بەیەکەوە بلکێن و قورس بن، پێویستیان بە هۆکارێکی دیکەیە، ئەویش "بلوری سەهۆڵین"ـە". هەڵبەت گەردیلەی بچووکی وەک هەڵاڵەی گوڵ و تەنانەت خۆڵیش، دەتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن.

لە چلەکانی سەدەی رابردوودا، رۆڵی گەردیلە و بلورە سەهۆڵییەکان لە بارینی باراندا دەرکەوت و هەر ئەو کات ئەمەریکییەکان بیریان لە بارگاویکردنی هەورەکان کردەوە. دەکرێ ئەو گەردیلانە لە رێگەی ئاسمانی (فرۆکە یان درۆن) یان وشکانی (هەڵدانی موشەکی هەڵگری گەردیلە) بخرێنە ناو دڵی هەورەکانەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی هەموو هەورێک بارانی لێنابارێت، ئایا ئەو بیرۆکەیە لە رووبەرێکی فراواندا سەرکەوتوو دەبێت؟

لە ئەزموونی چەند ساڵەی وڵاتانی رۆژئاوایی لەو بوارەدا دەردەکەوێت کە ناکرێ زۆر دڵ بەو بیرۆکەیە خۆش بکرێت، بەڵام ئیماراتییەکان دوای چەندین ساڵ هەوڵدان و خەرجکردنی ملیاران دۆلار، پێیانوایە بە ئەنجام دەگەن.

کۆنترۆڵکردنی هەورەکان

زیاتر لە 50 وڵات پرۆژەیان بۆ زیاتربوونی رێژەی بارینی باران هەبووە، وڵاتانی وەکو ئەمەریکا، رووسیا، ئێران، ئۆسترالیا، چین، تایلەند، ئەفریقیای باشوور، ئیسرائیل، سعودیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی. ئەو پڕۆژانە سەرەڕای ئەوەی پارەی زۆریان تێدا خەرجکراوە، بەڵام ئەنجامەکانی لەلایەن ناوەندە زانستییەکانەوە پەسندنەکراون.

لەمدواییانەدا رۆژنامەی نیویۆرکی ئەمەریکایی راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەبارەی بارگاویکردنی هەورەکان لە ئیمارات بڵاوکردووەتەوە. لە راپۆرتەکەدا بە شێوەیەکی گشتی باس لە وشکەساڵیی ناوچەکە و هەوڵەکانی ئیمارات دەکرێت.

9 فرۆکەوانی ئیماراتی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی هەر کاتێک هەورەکان گەیشتنە ناوچە شاخاوییەکان، بۆ لایان بفڕن
9 فرۆکەوانی ئیماراتی لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی هەر کاتێک هەورەکان گەیشتنە ناوچە شاخاوییەکان، بۆ لایان بفڕن

بەپێی راپۆرتەکە، ژمارەی دانیشتووانی ئیمارات 10 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و ئاو، پێداویستییەکی سەرەکی ئەوانە. تێکرای بەکارهێنانی ئاو لەو وڵاتەدا، 556 لیتر لە رۆژێکدایە (واتە سێ ئەوەندەی پێوەری جیهانی کە 177 لیتر لە رۆژێکدایە). بەرپرسانی ئەو وڵاتە بۆ دابینکردنی ئاوی خوارنەوە، سوود لە هەندێ تەکنەلۆژیا و ئامێر وەردەگرن کە بەلانی کەمەوە یک ملیار دۆلاری تێدەچێت و سووتەمەنییەکی زۆریش بەکار دێنێت.

هاوکات نزیک بە 20 ساڵ دەبێت ئیماراتییەکان لە رێگەی جێبەجێکردنی پرۆتۆکۆلی سەربازییەوە، هەوڵی بارگاویکردنی هەورەکان دەدەن. 9 فرۆکەوان لە ئامادەباشی تەواودان بۆ ئەوەی هەر کاتێک هەورەکان گەیشتنە ناوچە شاخاوییەکان، بۆ لایان بفڕن. لەو وڵاتەدا هەورەکان لە رێگەی دوو مادەوە بارگاوی دەکرێن، یەکیان زیوی ئاوێنراو (silver iodide) و ئەوەی دیکە لە زانکۆی خەلیفەی ئەبوزەبی و بە سوودوەرگرتن لە نانۆتەکنەلۆژی بەرهەمهاتووە.

نیویۆرک تایمز لەسەر زاری جەیمز فلیمینگ، زانای کەشناسی لە کۆلێژی کۆلبی ویلایەتی مینی ئەمەریکا، نووسیویەتی: دەکرێ گۆڕانکاری لە هەوردا بکرێت، بەڵام ناتوانی پێی بڵێی دواتر چی بکات. رەنگە بەفر ببارێت، یان هەر نەمێنێت، یان لە شوێنێکی دیکە ببارێ، یان لە شوێنێکی دیکە گەردەلوول دروست بێت.

نووسەری راپۆرتەکە بە لەبەرچاوگرتنی بۆچوونەکانی ئەو زانایە، پێیوایە بارانەکەی هاوینی ساڵی 2019ـی ئیمارات کە لافای لێ دروستبوو و ناو ماڵانی گرتەوە، رەنگە بە هۆی بارگاویکردنی هەورەکانەوە بێت.

ساڵی 2021 وتارێکی زانستی لە گۆڤاری "ئاو"ـدا بڵاوبووەوە و تێیدا لێکۆلەرە ئیماراتییەکان رایانگەیاندووە، زیادبوونی رێژەی بارانبارین لەو وڵاتەدا، بە هۆی بارگاویکردنی هەورەکان بووە. لە بەشێکی ئەو وتارەدا هاتووە، "ناوەندی نیشتمانی کەشناسی ئیمارات ساڵی 2018 بڵاویکردەوە کە 184 ئۆپەراسیۆنی بارگاویکردنی هەوری کردووە و بەو هۆیەوە لە ساڵی دواتردا، 55 میلیمەتر رێژەی بارانبارین زیاتر بووە.

سەرەڕانی ناوەڕۆکی ئەو وتارە، تا ئێستا زانایان گومانیان لە سەرکەوتووبوونی ئەو پرۆژەیە هەیە.

تەنها هەندێ هەوری تایبەت و لە دۆخی تایبەتدا دەکرێ بارگاوی بکرێن
تەنها هەندێ هەوری تایبەت و لە دۆخی تایبەتدا دەکرێ بارگاوی بکرێن

هەموو هەورێک بارانی لێنابارێت

بەهاری ئەمساڵ ئاژانسی عەرەب نیوز، بڵاویکردەوە کە سعودیا بۆ زیادکردنی رێژەی بارانبارین، قۆناخی یەکەمی بارگاویکردنی هەورەکانی لە ناوچەکانی (ریاز) و (قەسیر) دەستپێکردووە و قۆناغی دووەمیش لە ناوچەکانی (عەسیر) و (ئەبها) و (تائیف) دەبێت. سعودیا چەندین ساڵ لەمەوپێشیش چالاکی لەو جۆرەی هەبووە.

رۆژنامەی گاردیەن، ساڵی رابردوو راپۆرتێکی لەبارەی بارگاویکردنی هەورەکان لە ئەمەریکا بڵاوکردەوە و نووسی" زانایان و شارەزایان لە ئەنجامی چەندین لێکۆڵینەوەدا بۆیان دەرکەتووە کە بارگاویکردنی هەورەکان چارەی دەردی وشکەساڵی ناکات و لەرووی کردەییەوە کێشەی زۆرە. تەنها هەندێ هەوری تایبەت و لە دۆخی تایبەتدا دەکرێ بارگاوی بکرێن، تەنانەت ئەگەر ئەم چالاکییەش سەرکەوتوو بێت، هیچ گەرەنتییەک بۆ زاڵبوون بەسەر وشکەساڵیدا نییە."

بەشێکی زۆر لە وڵاتان سەرەڕای دەرکەوتنی ئەو ئەنجامانەش، بوودجەیەکی زۆر لە بارگاویکردنی هەورەکان خەرجدەکەن، بەو ئومێدەی ببێتە رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهینان بە وشکەساڵی.