وەزیری تەندروستی: کوالیتی و نرخی دەرمان کۆنترۆڵ دەکرێت

"چاکسازی لە بواری دەرمان دەستیپێکردووە"
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، چاکسازی لە بواری دەرمان لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 10ی ئەیلوولی 2022، لە میانی بەشداریکردنی لە لوتکەی دەرمانسازیی عێراق/ هەرێمی کوردستان لە سلێمانی، گوتی: "لە هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک چاکسازی چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، وەک پێداچوونەوە بە رێنماییەکانی کۆمپانیاکان، کۆگاکردن و جوڵەی دەرمان لە هێنان و بردن، فراوانکردنی پشکنینەکان و زوو بە بازاڕکردنی ئەو  دەرامانانەی بۆ پشکنین دێت بۆ ئەوەی دوا نەکەوێت، دەمانەوێت هانی کۆمپانیاکان بدەین کە دەرمان دێننە هەرێمی کوردستان بە رێگەی کوالیتی کۆنترۆڵی بێت".

گوتیشی: "لە هەموو ئەمانە گرنگتر چاکسازیکردن بوو لە جۆری ستیکەری دەرمان، کە گۆڕانکاری بوو لەو سیستەمە لە کاغەزییەوە بۆ سیستەمی بە یەکبەستنەوەی دەرمانخانەکان بە سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە، بۆ چاودێریکردنی کۆدەکان، لە داهاتوودا هەموو هاووڵاتییەک دەتوانێت پێش کڕینی دەرمان هەموو دۆسیەکەی ببینێت و بخوێنێتەوە، کە ئەو سیستمەمە دژە ساختە دەبێت و ئەستەمە جارێکی دیکە بتوانرێت ساختە لە ستیکەری دەرمانەوە بکرێت، هەروەها دەرمان لە رووی کوالیتی و نرخەوە کۆنترۆڵ دەکرێت".

لەبارەی نرخی دەرمان وەزیری تەندروستی، راشیگەیاند: "پێداچوونەوە بە نرخی دەرمان کراوە، لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان نرخەکان یەکدەخرێنەوە".

لەلایەکی دیکە جوتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیجی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیویەتی: "بۆ یەکەمین جار لە ئەزمونی حوکمڕانی هەرێمی کوردستاندا نرخی 230 جۆری دەرمان یەک دەخرێت و بە کوالیتی و ستاندەری جیهانی دەخرێتە بەردەستی هاوڵاتییان لە نەخۆشخانەکانی حکومی لە هەرێمی هەرێمی کوردستان".