نزیکەی 20 هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی 20  هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، کە بۆ چلەی ئیمامی حوسێن سەردانی نەجەف و کەربەلا دەکەن.

تەیفور محەمەد، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لە رۆژانی یەکەم و دووەم ژمارەی زیارەتکاران کەمبووە، بەڵام لە دوێنێوە ژمارەکە زیادیکردووە، ئەمڕۆش ژمارەکەیەکی بەرچاو لە زیارەتکارانی ئێرانی، روویان کردووەتە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران.

سالار تەحسین، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە کوردستان24ی گوت: "لە 7ی ئەم مانگەوە هاتنی کاروانی زیارەتکارانی ئێرانی لە دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە دەستیپێکردووە، لە راستیدا لە رۆژی یەکەم هاتنی زیارەتکاران ژمارەیان کەمبوو نزیکەی هەزار و 200 کەس بوون، بەڵام لە رۆژی دووەم ژمارەکە زیادیکرد بۆ سێ هەزار کەس، دوێنێ زۆر زیاتر بوو کە 7 هەزار کەس بوو، ئەمڕۆش تا کاتژمێر 10 چوار هەزار زیارەتکاران هاتوون".

سەبارەت بە بڕیاری ئێران بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەکانی لەگەڵ عێراق، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماژەی بەوەکرد، کاریگەری هەبووە کە زۆر لە زیارەتکاران روو بکەنە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: "زیارەتکار و گەشتیارانی ئێران لە رێکار و ئیجرائاتەکانی دەروازەی حاجی ئۆمەران رازین".