هەناردەکردنەوەی دانەوێڵەی ئۆکرانیا کێشەی بۆ دروستدەبێت

.
.

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی رووسیا و ئۆکرانیا بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگەرتووەکان لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا رێککەوتن، ئێستا مەترسی ئەوە هەیە بەهۆی رەخنەکانی ڤلادمێر پوتن سەرۆکی رووسیا کێشە بۆ هەناردەکردنەکە دروستبێتەوە، چونکە سەرۆکی رووسیا پێیوایە، لە رێگەی رێککەوتنەکەوە رووسیا و وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان هەڵخەڵەتێندراون.

هەفتەی رابردوو سەرۆکی رووسیا رایگەیاندبوو، بەر لە درێژکردنەوەی لە مانگی تشرینی دووەمدا، کار بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە دەکەن. ئاماژەی بەوەشدا، ئەوە ئێستا لەبارەی هەناردەکردنەوەی گەنمی ئۆکرانیا رێککەوتنی لەسەرکراوە، ئاراستەی بارەکان بۆ وڵاتانی یەکێتی ئەوروپایە، نەک وڵاتە تازا گەشەسەندووەکان و هەژارەکان.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، رێککەوتنی هەناردەکردنی گەنم لە رێگەی دەریای رەش بە شێوەیەکی خراپ جێبەجێدەکرێت و هەموارکردنەوەی پەیوەستە بە چۆنییەتی جێبەجێکردنی.

ئەمە لە کاتێکدایە، پوتن دەیەوێت هەناردەکردنی گەنم بۆ وڵاتە ئەوروپییەکان سنووردار بکات، کە بە گوێرەی رێککەوتنەکە و بە چاودێری تورکیا و نەتەوەیەکگرتووەکان دەستبەهەناردەکردنەوەی کرا، لە کاتێکدا بەهۆی جەنگەوە لە مانگی شوباتەوە پەکی کەوتبوو.

بڕیارە لەبارەی رێککەوتنەکە ڤلادمێر پوتن سەرۆکی رووسیا و رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە میانی دیداریان لە ئۆزبەکستان تاوتوێی بکەن.