ئاسایشی دهۆک منداڵێكی رفێندراو رزگار دەکات

لە نەخۆشخانەیەکی موسڵ رفێندراوە
وێنەی کاتی رفاندنی منداڵەکە لە کامێراکانی چاودێرییەوە
وێنەی کاتی رفاندنی منداڵەکە لە کامێراکانی چاودێرییەوە

K24 - هەولێر:

پاش نزیکەی پێنج رۆژ لە رفاندنی منداڵێكی ساوا لە نەخۆشخانەیەکی شاری موسڵ، ئەمڕۆ لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە رزگارکرا و ئەو ژنەش دەستگیرکرا کە منداڵەکەی رفاندبوو.

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، رۆژی 5ـی ئەیلولی 2022، لە نەخۆشخانەی خەنساء لە شاری موسڵ لەلایەن ژنێکەوە منداڵێکی ساوا بەناوی موهەنەد موزاحم محەمەد رفێندرا.

شێخ مزاحم ئەلحوەیت، نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا لەو بارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، منداڵەکە ناوی (هەیا موهەنەد)ـە و تۆمەتبارەکەش، ژنێکی دانیشتووی موسڵە.

ئاماژە بەوەشدرا، دوای پێنج رۆژ لە رفاندنی ئەو منداڵە و ئاگادارکردنەوەی دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە 10ـی ئەیلولی 2022، لەلایەن ئاسایشی دهۆکەوە، رزگارکرا و ئەو ژنەش دەستگیرکرا کە منداڵەکەی رفاندبوو.

نوێنەری هۆزە عەرەبەکانی پارێزگای نەینەوا سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لەپای هاوکاریکردنیان لە دۆزینەوە و رزگارکردنی ئەو منداڵە.

هەیا موهەنەد
هەیا موهەنەد