سێ هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر ئێران تۆمارده‌كه‌ن
K24 – هه‌ولێر:
سێ هاووڵاتی ئه‌مه‌ریكی كه پێشتر له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه ده‌ستگیركرابوون، داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی دارایی له تاران ده‌كه‌ن، چاوه‌رێش ده‌كرێت له پاره بلۆككراوه‌كانی ئه‌و وڵاته له ئه‌مه‌ریكا به ده‌یان ملیۆن دۆلار قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه.
ئه‌و هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكییانه پێش زیاتر له 10 ساڵ له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی سنووری ئێرانه‌وه ده‌ستگیكران، بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌ستگیركردن و ئازاردانیان له به‌ندیخانه‌كانی ئێران، له دادگای فیدراڵی وڵاته‌كه‌یان سكاڵایان له دژی ئێران تۆماركردووه.
هه‌ریه‌كه له (سارا شۆرد، شه‌ین باوه‌ر و جۆش فه‌تال) له ساڵی 2009، دوای ئه‌وه‌ی له ناوچه شاخاوییه‌كانی سنووری نێوان عێراق و ئێران له پارێزگای سلێمانی، به هه‌ڵه سنووری ئێرانیان به‌زاند، له‌لایه‌ن پاسه‌وانانی سنووری ئێرانه‌وه به تۆمه‌تی چوونه ئه‌و وڵاته به‌شێوه‌ی نایاسایی، ده‌ستگیركران.
له (ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2010)، تاران یه‌كێك له ده‌ستگیركراوه‌كان "سارا شۆرد"ی ئازادكرد، به‌هۆی نێوه‌ندگیری میرنشینی عوممان، دوای ساڵێكیش دوو ده‌ستگیركراوه‌كه‌ی دیكه‌شی ئازادكرد، پێش ئه‌وه‌ی مه‌حموود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئه‌و كاتی ئێران، سه‌ردانی نیویۆرك بكات بۆ به‌شداریكردن له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵی 2011.
ئێران له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌گه‌رچی هیچ پرۆسه‌یه‌كی دادگاییكردنی بۆ ئه‌و ئه‌مه‌ریكییانه ئه‌نجامنه‌دا، به‌ڵام له میدیاكانه‌وه تۆمه‌تی سیخوڕیكردنی ده‌دایه پاڵیان و وه‌ك كارتێكی فشاری سیاسی له‌دژی واشنتن به‌كاریده‌هێنا.
رۆژنامه‌ی گاردییانی به‌ریتانی بڵاویكردووه‌ته‌وه، له به‌هاری ئه‌مساڵدا، سارا شۆرد، سكاڵای له دادگای فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا تۆماركردووه بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ده‌ستگیركردنی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، باوكیشی به رۆژنامه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، كچه‌كه‌م ده‌ستبه‌سه‌ركراوی سیاسی بووه به‌هۆی ئه‌و گرژی و ئاڵۆزییانه‌ی نێوان ئێران و ئه‌مه‌ریكا، بۆیه پێویسته قه‌ره‌بووی دارایی بكرێته‌وه به‌هۆی ئه‌و ناخۆشییانه‌ی دووچاریبووه‌ته‌وه.
له ماوه‌ی رابردووش هه‌ریه‌كه له شه‌ین باوه‌ر و جۆش فه‌تال، به هه‌مان شێوه، سكاڵایان له دادگای فیدراڵی تۆماركرد و داوای قه‌ره‌بووكردنه‌وه دارایی له تاران ده‌كه‌ن.
ئه‌و سێ هاووڵاتییه ئه‌مه‌ریكییه ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه، له‌ماوه‌ی ده‌ستگیركردنییان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه له ژووری تاكه‌كه‌سییدا به‌ندكرابوون و تاوه‌كو ئێستاش "له‌رووی ده‌روونییه‌وه هه‌ست به نائارامی ده‌كه‌ن و ناڵه و هاواری ئازاردانی به‌ندكراوه‌كانی دیكه‌ش ئێستاش له یاده‌وه‌رییان ماوه‌ته‌وه".
هه‌رچه‌نده دادگای فیدراڵی ئه‌مه‌ریكا بریاری كۆتایی له‌وباره‌یه‌وه نه‌داوه و بری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ش ئاشكرانه‌كراوه، به‌ڵام پێشتر له دۆسییه‌ی ده‌ستگیركردنی رۆژنامه‌نووسی ئه‌مه‌ریكی جه‌یسن ره‌زائیان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه، بریاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی 180 ملیۆن دۆلاری له‌سه‌ر تاران بۆ به‌رژه‌وه‌ندی رۆژنامه‌نووسه ئه‌مه‌ریكییه‌كه چه‌سپاند.
بڕی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره سزایانه‌ش كه دادگای فیدراڵی ئه‌مه‌ریكی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات، له پاره بلۆككراوه‌كانی ئێران له ئه‌مه‌ریكا خه‌رجده‌كرێت.