ئه‌ردۆغان: ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023ـدا خۆمان گازی سرووشتی وڵاتەکەمان دەربهێنین
K24 - هەولێر:
رەجەب تەیب ئەردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، لەمیانه‌ی كۆتایی گه‌شته‌كه‌ی بۆ وڵاتانی بەڵقان (بۆسنیا، سربیا و کڕواتیا)، لەناو فڕۆکە به رۆژنامەنووسانی راگه‌یاند، ئه‌و كه‌شتییانه‌ی دانه‌وێڵه‌ی ئۆكرانیایان باركردووه، بەرەو وڵاتانی پێشکەوتوو دەڕۆن، ده‌بوایه گه‌نم به‌ره‌و وڵاتانی هەژار ببه‌ن.
ئه‌ردۆغان گوتیشی: "نابێت کەشتییەکان تەنیا دانه‌وێڵه بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو هه‌نارده بكه‌ن، چونکە دەبێت یارمەتی وڵاتە هەژارەکانیش بده‌ین، دەبێت ئەوانیش پشکی خۆیان وەربگرن، رەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت کە پوتن نایەوێت بەرهەمی رووسیا هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بكرێت".
ده‌شڵێت: "ئەگەر دەست بە هه‌نارده‌ی دانەوێڵەی رووسیا بۆ وڵاتانی ئەفریقا بكرێت، هه‌نگاوێكی باش ده‌بێت، چونکە ئه‌م كیشوه‌ره لە دۆخێکی سەختدایه".
سەرۆكکۆماری تورکیا، ئاماژەی بە بوونی قەیرانی وزە لە ئەوروپا كرد و گوتی: "سوپاس بۆ خودا ئێمە کێشەیەکی وامان نییە، رووسیا هیچ سزایەک بەسەر ئێمه‌دا ناسەپێنێت".
ده‌شڵێت: "خەمی ئێمە ئەوەیە کە (گازی سرووشتی) بە شێوەیەکی گونجاوتر بدەین بە هاووڵاتییانمان، ئامانجمان ئەوەیە لە ساڵی 2023ـدا خۆمان گازی سرووشتی وڵاتەکەمان دەربهێنین، ئەوکات زۆر بەهەرزانتر گاز دەگاتە هاووڵاتییانمان".
لە وەڵامی پرسیاری ئه‌وه‌ی كه ئایا هەڵوێستی ئەوروپا بەرامبەر بە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا، بەهۆی ئەو قەیرانەی کە لەم زستانەدا تووشی دەبێت دەگۆڕێت، ئەردۆغان گوتی: "رەنگە قورس بێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدەین، پێش ئەوەی ئەم زستانە بەڕێ بکەین، چونکە ئەم زستانە بۆ ئەوروپا ئاسان نابێت، زۆر سەخت دەبێت".