مهكتهبی سیاسی پارتی: شۆڕشی ئهیلوول یهكهم شۆڕشی كوردستانی بوو سەركەوتنە سەربازییەكانی كرد بە دەستكەوتی سیاسی
K24 - ههولێر:
مهكتهبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بهبۆنهی شهست و یهكهمین ساڵیادی ههڵگیرسانی شۆرشی ئهیلوولهوه، بهیاننامهیهكی بڵاوكردهوه.
له بهیاننامهكهدا هاتووه، ئەو کاتەی کۆماری ئەوسای عێراق لە بەڵێنەکانی پاشگەزبووە، دانی نەنا بە مافەکانی گەلی کوردستان، پرەنسیپەکانی شەراکەت و پێکەوەژیانی سیاسی نێو دەستووری عێراقی ژێر پێ خست، تەنانەت ڕێگە مەدەنییەکانی خەباتیشی داخست و بە لەشکرکێشی، ئاگر و ئاسن و شەڕ وەڵامی گەلی کوردستانی دایەوە، ئەوکات گەلی کوردستان بە رابەرایەتی (مستەفا بارزانی)، بۆ بەرگریکردن لە گەلی کوردستان و مافەکانی، خاک و سەروەرییەکانی، مانەوە و شکۆ و پیرۆزییەکانی، لە رۆژی 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961، خەباتی چەکداریی دەستپێکرد.
ههروهها ئاماژهی بهوهكردووه، به سهركهوتنی شۆرشی ئهیلوول، یەكەمجار بوو شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێت بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی و سەركەوتنە سەربازییەكانی بكات بە دەستكەوتی سیاسی و مافی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەدەست بهێنێت.
دهقی بهیاننامهكه:
بەیاننامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی (61) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول
جەماوەری ئازیزی کوردستان
تێکۆشەران و ئازادیخوازانی کوردستان و عێراق
دەستپێک، بەبۆنەی (61) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەین، بهتایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و پێشمەرگە گیانفیداکان و رێبوارانی رێگای ئازادی و تەواوی ئەو ئازیزانەی بەشدارییان لەو شۆڕشە مەزنە کردووە و رۆڵ و نەخشیان بەرز دەنرخێنین.
هاوڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان
بەر لە 61 ساڵ، ئەو کاتەی کۆماری ئەوسای عێراق لە بەڵێنەکانی پاشگەزبووەوه، دانینەنا بە مافەکانی گەلی کوردستان، پرەنسیپەکانی شەراکەت و پێکەوەژیانی سیاسی نێو دەستووری عێراقی ژێرپێ خست، تەنانەت رێگە مەدەنییەکانی خەباتیشی داخست و بە لەشکرکێشی، ئاگر و ئاسن و شەڕ وەڵامی گەلی کوردستانی دایەوە، ئەوکات گەلی کوردستان بە رابەرایەتی (مستەفا بارزانی)، بۆ بەرگریکردن لە گەلی کوردستان و مافەکانی، خاک و سەروەرییەکانی، مانەوە و شکۆ و پیرۆزییەکانی، لە رۆژی 11ی ئەیلوولی ساڵی 1961، خەباتی چەکداریی دەستپێکرد و ھەموو تواناکانی لە شۆڕشێکدا کۆکردەوە، کە بە درێژترین و کۆکراوەترین و بەرھەمدارترین شۆڕشی نێو مێژووی گەلی کوردستان دەژمێردرێت، کە تائێستایش ھەمووان، بە جیاوازییە ئایینی و نەتەوەیی و سیاسییەکانەوە شانازیی پێوەدەکەین و ھێندە بە قووڵی، مەزنیی و مانا فرە ڕەھەندەکانی رۆچووهتە نێو مێژوو، نەوە دوای نەوە پەند و عیبرەتی لێوەردەگرن و بۆتە سەرچاوەیەکی روون و زەڵاڵیش بۆ وانە گەورەکانی: (کوردایەتی، رەسەنایەتی، رابوون، وەستانەوە لە رووی ستەم، ویقاری پێشمەرگە، گیانفیدایی، عەدالەتخوازی، رۆشنبیریی نیشتمانی، ماف و دیموکراسی، دیالۆگ و ئازادی، ھونەری دانووستان و، دواجار کوردستان یان نەمان).
ھاونیشتیمانیانی ھێژا
شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشی ھەمووان بوو، شۆڕشی ھەموو جیاوازییەکان بوو، کۆکەرەوە و روئیاڕوون و ئاییندەبین بوو، ھەر بۆیە زوو بەرھەمەکانی چنییەوە و ڕژێمی بەغدای ناچار کرد، کە غرووری خۆیان بشکێنن و بێن لە دامێنی چیا سەرکەشەکانی کوردستانەوە، لە نێو خێمە و بارەگا سادەکانی شۆڕشەوە داوای دانووستان لە رابەری نەتەوە، سیمبوڵی ئازادیی گەل (مستەفا بارزانی) بکەن، کە ئاکام رێککەوتننامەی مێژوویی 11ی ئاداری 1970 لێکەوتەوە، ئەو رێككەوتننامەیەی بووە بەڵگەنامەیەكی مێژوویی و بناغەیەكی پتەو بۆ هەموو ئەو دەسكەوتانەی دواتر بەدیهاتن. ئەوەش یەكەمجار بوو كە شۆڕشێكی كوردستانی بتوانێ بە ئامانج بگات و دروشمی خۆی بێنێتەدی و سەركەوتنە سەربازییەكانی بكات بە دەستكەوتی سیاسی و مافی نەتەوایەتی و نیشتیمانی بەدەستبهێنێت. دەبێ نەوەکان ئەم دیمەنە سیاسییانە بخوێننەوە، دەبێ ھەمووان لەو راستییە ڕۆشنە تێبگەین، کە رەوایی ماف، ئیرادەی گەل و یەکڕیزی نیشتمانی کلیلی سەرکەوتنەکانە و، ئاکام مەزنترین ھێزی دوژمنکارانە تێکدەشکێنن، وەک ئەوەی شۆڕشی ئەیلول و پێشمەرگە قارەمانەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان و رابەرە خۆنەویستەکەی کردی، ئەم وانانە پتر لە ھەموو کات، بۆ ئەمڕۆ زۆر گرنگ و پێویست و بایەخدارن، تایبەت کە ئەرکگەلێکی زۆرمان بە ئەستۆوەیە و، عێراق و ناوچەکە سیخناخن بە ناڕوونی سیاسی و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوەکان، بۆیە دەبێ ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق بە ھەمان گیان و ئیرادەی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، قۆڵی چارەسەری لێھەڵماڵن، تا بتوانن ھەمووان بەیەکەوە دەروو و دەروازەیەکی خێر بۆ گەل و ئاییندە سیاسییەکەی بکەنەوە.
ھاوڵاتییانی ئازیز
لەم یادە پڕ شکۆیەدا نابێ ڕۆڵی زێڕینی پارتی دیموکراتی کوردستان نەخەینە بەر دید و زیھنی ھەمووان، تایبەت لاوانی کوردستان و ئەو نەوە تازەیەی، کە ژیرانە دەتوانن ئەمڕۆ بە دوێنێوە گرێبدەن و لەپێناو ئاییندەسازیدا لە نێو کۆڕی کار و بەخشش و خەباتدا سەرگەرمی داھێنانن، بەوپەڕی سەربەرزییەوە دەڵێین: لە نێو ئەو شۆڕشە مەزنەدا، دواتر لە شۆڕشی گوڵان، راپەڕین، پرۆسەی ئازادی عێراق و شەڕی نەگریسی داعش، پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرترین قوربانی داوە، زۆرترین شەھیدی نەزری نیشتیمان کردووە، زۆرترین دەسکەوتیشی وەدەستھێناوە و لەکوێ شەڕ ھەبووبێ قەڵغانی بەرگری بووە و لەکوێش سەقامگیری و ئارامی ھەبووبێت، لەوێ دەستی ئاشتی و بازووی ئاوەدانی بووە، ئەمڕۆش بە ھەمان گیان و بە ھەمان گڕوتین و بڕواوە بەردەوام دەبێت لە خەبات، قوربانیدان، بەرگری نیشتمانی، چەسپاندنی ئاشتی و ئاوەدانی و، لەو پێناوەشدا لەگەڵ ھێزە سیاسی و کولتوری و کۆمەڵایەتییەکان کاردەکات و تێدەکۆشێت.
لە کۆتاییدا، بە ئاوڕدانەوە لە مێژووی پر ئیفتیخاری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، دەڵێین:
دروود بۆ گیانی بەرزەفڕی شەھیدانی گەلی کوردستان، سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی جوانەمەرگ.
دروود بۆ ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی، ئەو سەرۆکە تێکۆشەرەی (60) شەست ساڵە پێشمەرگەی رێگای ئازادییە.
دروود بۆ ئازادیخوازان، بۆ ھەموو ئەوانەی پێخەمەت ئازادی، دیموکراسی و پێکەوژیانی ئاشتییانە خەبات دەکەن.
دروود بۆ ھاووڵاتییانی کوردستان، ئافرەتان، لاوان، قوتابیان، پیر و جەوان و تێکڕای چین و توێژەکانی کوردستان.
دروود بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەو پارتەی (76) حەفتاوشەش ساڵە پێشڕەوی خەبات و تێکۆشان و قوربانیدان و دەسکەوتەکانە.
پارێزراوبێت دەستکەوتە دیموکراسییەکانی کوردستان، کە خۆی لە پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان، حکومەتی ھەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکات.
شکۆدارتر بێت (61) شەست و یەکەمین ساڵیادی ھەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول.
بژی کورد، بژی کوردستان…
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
10ی ئەیلوولی 2022