یۆنان ته‌قه‌ له‌ كه‌شتییه‌كی توركی ده‌كات

ده‌ریای ئیجه‌
ده‌ریای ئیجه‌

K24 - هەولێر:

ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویكرده‌وه‌، یه‌كه‌كانی پاسه‌وانی كه‌ناراوه‌كانی یۆنان، ته‌قه‌یان به‌ ئاراسته‌ی كه‌شتییه‌كی توركی كردووه‌.

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كه‌شتییه‌ توركییه‌كه‌ له‌ سنووره‌ ئاوییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی ده‌ریای ئیجه‌، له‌ نزیك دوورگه‌ی (بوزگادا)دا بوو.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی راگه‌یه‌ندراوی سه‌ركردایه‌تی كه‌ناراوه‌كانی توركیا، دوو به‌له‌می سه‌ر به‌ لایه‌نی یۆنانی، ته‌قه‌یان له‌ كه‌شتی "Anatolian" بازرگانی توركی كردووه‌.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، كه‌شتییه‌ توركییه‌كه‌ 11 میل به‌ قوڵایی سنووره‌ ئاوییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا بووه‌، كاتی گه‌یشتی دوو به‌له‌می ئێشگری كه‌ناراوه‌كانی توركیا، به‌له‌مه‌ یۆنانییه‌كه‌ له‌ شوێنه‌كه‌دا نه‌ماوه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هیچ قوربانییه‌ك تۆمارنه‌كراوه‌، كه‌شتییه‌ توركییه‌كه‌‌ له‌ تیمێكی 18 كه‌سی پێكهاتوون، لایه‌نی توركیاش ده‌ستیان به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ كردووه‌.

پێشتریش ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆككۆماری توركیا، رایگه‌یاندبوو، یۆنان لەبری ئەوەی راستەوخۆ قسە لەگەڵ توركیا بكات، زمانی هەڕەشە بەكاردەهێنێت، بێگومان ئەمە قبوڵكراونییە، ئێمە بەو زمانە گفتوگۆ دەكەین، كە یۆنان لێی تێدەگات.