رووسیا لە رۆژهەڵاتی باکووری ئۆکرانیا پاشەکشەی کردووە

سوپای رووسیا یەکەمجارە بە فەرمی باس لە پاشەکشێ دەکات

K24 – هەولێر

دوابەدوای هێرشی فراوانی سەربازیی ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگری رووسیا بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد کە هێزەکانی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی باکووری ئۆکرانیا پاشەکشەیان کردووە.

ئیگۆر کۆناشنکۆف، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، رایگەیاند کە هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە شارەکانی (بالاکلیا) و (ئیزیۆم)ـی پارێزگای (خارکێف)ـەوە بۆ ناچەی دۆنتسک پاشەکشەیان کردووە.

ئەو گوتی: پاشەکشەکە بە ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تایبەت بۆ کۆنترۆڵکردنی رێگەی دۆنتسک، کراوە.

رووسیا دەستەواژەی "ئۆپەراسیۆنی تایبەت" بۆ هێرشی سەربازیی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا بەکار دێنێت.

هاوکات دەزگە ئەمنییەکانی ئۆکرانیا، دووپاتیانکردووەتەوە کە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەیان چوونەتە ناو شاری (کۆپیانسک). ئەو شارە لە پارێزگای (خارکێف)ـە و بە ناوچەیەکی ستراتیژی هەژماردەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ناتالیا پاپوا یەک لە راوێژکارەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی ناوچەیی خارکێف، وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هەڵکردنی ئاڵای ئۆکرانیا لە ناوەندی (کۆپیانسک) نیشان دەدرێت.

(کۆپیانسک) 120 کیلۆمەتر کە خارکێفی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیاوە دوورە و ناوەندێکی ستراتیژی و گرنگی گواستنەوەی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایە و بۆ گواستنەوەی کەلوپەلی سەربازیی رووسی لە ناوچەی (دۆنباس) بەکار دێت. (کۆپیانسک) هەر لە سەرەتای هێرشی سەربازی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، لەلایەن سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵکرا.

کۆنترۆڵکردنەوەی 30 شارۆچکە 

ڤۆڵۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، ئاشکرایکرد کە سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمدواییەیدا، زیاتر لە 30 شارۆچکەی ناوچەی خارکێف لە هێزەکانی رووسیا وەربگرێتەوە.

سەرۆککۆماری ئۆکرانیا رۆژی 9ـی ئەیلول، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، سوپای ئۆکرانیا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەی خاکی وڵاتیان ئازادکردووەتەوە.

 هەڵکردنی ئاڵای ئۆکرانیا لە ناوەندی کۆپیانسک
هەڵکردنی ئاڵای ئۆکرانیا لە ناوەندی کۆپیانسک

بە پێی قسەکانی زێلێنسکی، لە چەند قۆڵ و بەرەیەکی دیکەی شەڕ، ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای ئۆکرانیا سەرکەوتووبوونە.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، لەوبارەوەیە بڵاویکردەوە، رووسیا دوای رۆژێک بێدەنگییەکەی شکاند و دانی بەوەنا کە سوپای ئۆکرانیا لە بەرەکانی نزیک شاری خارکێف (دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا) سەرکەوتووبوونە.

ڤیتالی گانچف، بەرپرسێکی پشتگیریکراوی رووسیا لە ناوچەی خارکێف، رایگەیاندووە کە هێزەکانی ئۆکرانیا هێڵی پێشەوەی بەرەی سوپای رووسیایان بڕیوە و سەرکەوتنی "بەرچاو"ـیان بەدەستهێناوە.

ئەو هەروەها گوتی: هەوڵدەدین بەپێی توانای خۆمان پێش لە پێشڕەوەی دوژمن بگرین، بەڵام ئێستا چەندین شارۆچکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی ئۆکرانیادایە.

ڤیتالی گانچف، ئاشکراشیکردووە کە هاووڵاتیان خەریکی چۆلکردنی چەند شارۆچکەیەکن، لەوانە شارۆچکەی ئیزیۆم (بنکەیەکی سەرەکیی لایەنگرانی رووسیا و ناوەندێکی گرنگی ناوچەکەیە).

ئالێکسی ئارێستۆڤیچ، راوێژکاری سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، لە ڤیدیۆیەکدا کە لە یوتیوب بڵاویکردبووەوە، دەڵێت "هێزەکانی رووسیا لە شاری ئیزیۆم، گەمارۆ دراون".

ئەو گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لە هێڵی پێشەوەی شەڕ بەدەستم گەیشتووە، سەدان چەکداری رووسیا کوژراون و سەدانی دیکەش بەدیل گیراون.