لەناو رووسیاوە داوای دەستلەکارکێشانەوەی پوتن دەکرێت

"رووسیا گەڕێندراوەتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد"
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا
ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا

K24 - هەولێر:

ئەنجوومەنی شارەوانی ناوچەیەکی سانت پێترسبۆرگ داوا لە سەرۆکی رووسیا دەکەن، دەست لەکار بکیشێتەوە.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیە کۆمەڵێک نوێنەری سان پێترسبۆرگ داوایان لە پەرلەمان کرد بە تۆمەتی ناپاکی گەورە و هەڵگیرساندنی شەڕ لەدژی ئۆکرانیا لێپێچینەوە لەگەڵ پوتندا بکرێت بەڵام خۆیان لەلایەن پۆلیسەوە رووبەڕووی لێپێچینەوە بوونەوە.

ئەندامانی ناوچەی "لۆمۆنۆسۆڤ"ی سەر بە شاری سانت پێترسبۆرگ، لە پەیامێکی هاوشێوەدا کە ئاراستەی ڤلادیمێر پوتن کرابوو، گوتیان: بۆچوونەکانی و شێوازی بەڕێوەبردنی سەرۆکی رووسیا رێگرن لەبەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگە و مۆدێلیان بەسەرچووە. دووپاتیشی دەکەنەوە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بۆ خوشگوزەرانی خەڵک زۆر پێویستە.

باس لەوەش دەکەن، لەوەتەی پوتن بۆ دووەمجار بووەتەوە سەرۆکی رووسیا بارودۆخی وڵاتەکەیان خراپتر بووە چونکە زمان و کردەوەکانی پوتن و کاربەدەستانی دەوروبەری رووسیای بۆ سەردەمی جەنگی سارد گەڕاندووەتەوە.