سه‌در بۆ لایه‌نگرانی: به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌ڕێبكه‌ون

K24 – هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و داوا له لایه‌نگرانی ده‌كات به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌ڕێبكه‌ون به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له چله‌ی ئیمام حوسێن‌دا.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 11ـی ئه‌یلوولی 2022، موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در له هه‌ژماره‌ی فه‌رمی خۆی له تویته‌ر په‌یامێكی له‌باره‌ی رێوره‌سمه‌كانی چله‌ی ئیمام حوسێن بڵاوكرده‌وه و، داوای له هه‌موو ئه‌و كه‌سانه كرد كه له‌گه‌ڵ شۆڕش و ئه‌نجامدانی چاكسازیدابوونه، به‌ره‌و كه‌ربه‌لا به‌رێبكه‌ون و به‌شداری له چله‌ی ئیمام حوسێن‌دا بكه‌ن.
سه‌در له په‌یامه‌كه‌یدا چه‌ند مه‌رجێكی بۆ ئه‌و كه‌سانه داناوه كه ده‌یانه‌وێت به‌شداری له چله‌ی ئیمام حوسێن‌دا بكه‌ن و، ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، نابێت ئاڵای هیچ حزب و لایه‌نێكی سیاسی له رێوڕه‌سمه‌كه‌دا به‌رزبكرێنه‌وه، بێجگه له‌وه‌ش نابێت وێنه‌ی هیچ شه‌هیدێكیش به‌رزبكرێته‌وه، چونكه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، "شه‌هیده‌كان هه‌موویان به‌هه‌شتین".
له‌په‌یامه‌كه‌دا هاتووه، نابێت هیچ كه‌سێك جلوبه‌رگێك له‌به‌ربكات كه له به‌شداربووه‌كانی دیكه جیابكرێته‌وه، به‌تایبه‌ت جلی سه‌ربازی و كفن، نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌كاربهێندرێن، پێویسته هه‌مووان جلی "شۆڕش" له‌به‌ربكه‌ن.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، نابێت چه‌ك به‌كاربهێندرێت، هێرش بكرێته سه‌ر زیاره‌تكارانی بیانی "به‌تایبه‌ت زیاره‌تكاره ئێرانییه‌كان"، هه‌روه‌ها نابێت له‌و رۆژه‌دا هیچ كه‌س و لایه‌نێك به به‌عسیبوون، میلیشیات و تیرۆرست ناوببرێت و تۆمه‌تباربكرێت، ئه‌مه به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك حه‌رامه.