هاککەرە ئێرانییەکان جارێکی دیکە هێرشیانکردە سەر دامودەزگەکانی ئەلبانیا

هێزە ئەمنییەکانی ئەلبانیا لە پێش باڵیۆزخانەی ئێران
هێزە ئەمنییەکانی ئەلبانیا لە پێش باڵیۆزخانەی ئێران

K24 – هەولێر

سێ رۆژ دوای دەرکردنی دیپلۆمات و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەلبانیا، بەرپرسانی ئەو وڵاتە ئاشکرایانکردووە کە جارێکی دیکە "گرووپە ئێرانییەکان" هێرشی ئەلکترۆنیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئەلبانیا.

وەزارەتی ناوخۆی ئەلبانیا رۆژی 10ـی ئەیلول رایگەیاند، هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر سیستەمێکی سنووریی وڵاتیان کراوە و سەرچاوەکەش "هەمان گرووپە ئێرانییەکەیە کە پێشتریش ئەو کارەیان کردووە".

ئادی راما، سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رۆژی 7ـی ئەیلول، کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بەوە تۆمەتبارکرد کە ژۆری 15ـی تەمووز، هێرشی ئەلکترۆنی بۆ سەر دامودەزگا حکومییەکانی ئەلبانیا کردووە بۆ ئەوەی "خزمەتگوزاری گشتی پەکبخات و زانیاری و ئیمەیلەکانی حکومەت بەدەست بهێنێت".

بەپێی قسەکانی سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا، "هێرشەکان سەرکەوتوو نەبوونە و ئێران بەئامانجەکەی نەگەیشتووە."

حکومەتی ئەلبانیا 24 کاتژمێری مۆڵەت بە دیپلۆمات و کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێران دا بۆ ئەوەی خاکی ئەلبانیا بەجێبێڵن.

لەوکاتەوەی ئەندامانی رێکخراوی موجاهیدنی خەلقی ئێران لە ئەلبانیا نیشتەجێبوونە، پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە تێکچووە.

ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپا و ناتۆ، هێرشی ئەلکترۆنیان بۆ سەر دامودەزگەکانی ئەلبانیا مەحکومکرد.

ئەلبانیا ئەندامی ناتۆیە، هەر بۆیە دوابەدوای هێرشە ئەلکترۆنییەکە، حکومەتی ئەمەریکا گەمارۆی خستەسەر وەزیر و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران.