رێنمایی تەندروستی بۆ قوتابییان لە ساڵی نوێی خوێندندا

"پێویستە کێشی جانتای منداڵان لە سەدا 10ـی کێشی منداڵ بێت"
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف
قوتابخانەیەكی سنووری پەروەردەی ھەولێر - فۆتۆ: رێباز سیان - ئەرشیف

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند، پێویستە کێشی جانتای منداڵان 10٪ی کێشی منداڵ ببێت و خۆراکی تەندروست لە فرۆشگای قوتابخانەکاندا بدرێتە منداڵان.

د. پشدەر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، ئەمڕۆ یەکشەممە (11ی ئەیلوولی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "زۆری کێشی جانتای منداڵان، دەبێتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ تەندروستی منداڵ و بڕبڕەی پشتیان لە ئێستا و لە داهاتوودا، پێویستە کێشی جانتاکە 10٪ی کێشی منداڵ بێت، بۆ منداڵی پۆلی یەکەم کە کێشی نزیکەی 20 کیلۆیە، جانتاکەی دەبێت تەنیا دوو کیلۆ بێت".

ئەو پزیشکە باسی لەوەشکرد، بەهۆی زۆر بەکارهێنانی مۆبایل و ئایپادەوە، بەشێکی زۆری منداڵان، شێوازی خەوتنیان نەگونجاوە و کاتێک دەوامی قوتابخانەکان دەستپێدەکاتەوە، کێشەی کەمخەوییان بۆ دروستدەبێت، بۆیە پێویستە شەوان زوو منداڵ بخەوێندرێت و بەیانیان زوو بەئاگا بهێندرێنەوە و ژەمێکی ئاسایی بخۆن بە شێوەیەکی تەندروست.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان، فرۆشتنی شیرینی و بەشێک لەو خواردنانەی کە لە فرۆشگای قوتابخانەکان بە قوتابیان دەفرۆشرێت بە نەگونجاو دادەنێت و داوایکرد، لەبری ئەو خواردنانە، چەرەسات و میوە بە قوتابیان بفرۆشرن.

پشدەر عەبدوڵا ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، وەزری پاییز دەستپێدەکات، کە تێیدا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، نەخۆشییە وەرزییەکان زیاتر بڵاودەبنەوە، قەرەباڵغی قوتابخانەکانیش دەبنە هۆکارێك بۆ تەشەنەکردنی نەخۆشییەکە لەناو منداڵاندا، بۆیە پێویستە منداڵان فێری خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان بکرێن، داواشیکرد هاووڵاتیان لەکاتێکدا منداڵەکانیان تووشی نەخۆشی وەرزی دەبن، رێژەیەکی زۆر دەرمانیان بۆ بەکارنەهێنن، بۆئەوەی سیستەمی بەرگری جەستەیان لاواز نەبێت.

رۆژی سێشەممە (13ی ئەیلولی 2022)، ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات، بە بەشداری زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی، بۆ ئەمساڵی خوێندن حکومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 15.7 ملیۆن کتێبی نوێی چاپکردووە، هەروەها بڕی 20 ملیار دینار بۆ دابینکردنی پێداویستی قوتابخانەکان تەرخانکراوە.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، نزیکەی 15 حاڵەتی تووشبوونی منداڵان بە نەخۆشی شەکرە، لە نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی تۆمارکراوە، د. پشدەر عەبدوڵا هۆکاری ئەو نەخۆشییە لەناو منداڵاندا، دەگەڕێنێتەوە بۆ خواردنی نا تەندروست، گوتیشی "هەندێک منداڵی تووشبووی نەخۆشی شەکرە، بەهۆی پڕوپاگەندەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لەبری ئەنسۆلین، دەرمانی دیکەیان پێدراوە و ئەوەش مەترسیدارە، ئەو کەسەش کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەو پڕوپاگەندەیەی کردووە، خۆی هاتووە لە نەخۆشخانە دەرمانی ئەنسۆلینی شەکرەی بۆ منداڵەکەی وەرگرتووە".

هەروەها ئەو پزیشکە نموونەیەکی دیکەی پڕوپاگەندەی باسکرد، کە لە چەند رۆژی رابردوودا، کەسێک سەردانیکردووە و پێی گوتووە کە نەخۆشی زەردوویی بە دەستلێدان چارەسەر دەکات، بەڵام بابەتەکە راست و زانستی نییە چونکە "لە هەر 100 منداڵێک کە تووشی زەردوویی دەبن، تەنها 15 بۆ 20 منداڵیان پێویستی بە چارەسەردەبێت و زۆرینەیان خۆیان چاکدەبنەوە، بەڵام ئەگەر هەیە حاڵەتی زەردوویی ببێتە هۆی ئیفلیجی مێشکی منداڵ، بۆیە ئێمە رێگەی زانستی بەکاردەهێنین، تا بەدووربین لەو حاڵەتانە".