وەزارەتی دەرەوەی ئێران: هێشتا خوازیار و ئامادەی بە ئەنجامگەیشتنی رێککەوتنە ئەتۆمییەکەین

ئێران وەڵامی بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا دەداتەوە
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

K24 - هەولێر:

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی سەبارەت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە دانوستانەکانی خستووەتە مەترسییەوە پێشێلکردنی نیاز باشییە.

کەنعانی هەڵوێستی ئێرانی سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئاشکراکرد و گوتی: هێشتا ئێران خوازیار و ئامادەی بە ئەنجامگەیشتنی رێککەوتنەکەیە و لەو باوەڕەدایە، بوونی ئیرادەی پێویست و خۆبەدوورگرتن لە گوشاری دەرەکی دەتوانێت خێرا بیانگەیەنێت بە رێککەوتن.

ئاماژە بەوەشدرا، لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەڵمانیا، فەڕەنسا و بەریتانیا، رەخنە لە هەڵوێستی ئێران گیراوە لەبارەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بانگەشەی ئەوە کراوە ئەو هەڵوێستە دانوستانەکانی خستووەتە مەترسییەوە.

ناسر کەنعانی باسی لەوەکرد، بەیاننەمە هاوبەشەکە بنیاتنەر نییە و پێشێلکاری نیاز باشی سێ وڵاتی ئەوروپایە لەبارەی دانوستانەکان بۆ هەڵگرتنی سزاکان.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران راشیگەیاند، پەیوەندی دیپلۆماسی و ئاڵوگۆڕی پەیام لەنێوان لایەنەکانی دانوستانکار و رێکخەری دانوستانەکان بەردەوامە لەپێناو ئەوەی دانوستانەکان بگەنە ئەنجام، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانەکان زۆر قۆناغیان بڕیوە کە لە ئەنجامی نیاز باشی، هەوڵ و بیرۆکەکانی ئێران بووە.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە لایەنەکانی ئەورووپا کردووە، ئاگاداربن لەبارەی کاریگەری لایەنی سێیەم کە هەر لە سەرەتای دانوستانەکەوە دژ بووە و ئێستاش بە هەموو توانایەوە هەوڵی شکستپێهێنانی ئێران دەدات، هاوکات ناسر کەنعانی ئەو سێ وڵاتە ئەوروپاییەی تۆمەتبارکرد بەوەی بەو بەیاننامە هاوبەشە پەیڕەوی هێڵی ئیسرائیلیان کردووە.

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە لەوەی، لە ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، ئەو سێ وڵاتە بەرپرسیار دەبن.  

کەنعانی گوتیشی: پێویستە خۆ بە دوور بگیرێت لەوەی بابەتەکە بە سیاسیی بکرێت و تۆمەتی بێ بنەما بدرێتە پاڵ ئێران و رایگەیاند، ''مایەی نیگەرانییە وڵاتانی ئەوروپا لە لایەک بەتەواوی پشتیوانی لە رژێمێک (ئیسرائیل) دەکەن کە خاوەنی سەدان کڵاوەی ئەتۆمییە و پابەندی هیچ کام لە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان نابێت، بەڵام لە لایەکی دیکەوە دژایەتی بەرنامەی تەواو گشتگیری ئاشتیخوازیی ئێران دەکەن''.