زەوی بۆ چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوونی فەرمانبەرانی سلێمانی دابینکرا

K24 - هەولێر

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جارێکی دیکە لەگەڵ ئەنجوومەنی شارەوانیی سلێمانی کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دابینبوونی زەوی بۆ چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی و تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سلێمانی، کرا.

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ ئەنجومەنی شارەوانی سلێمانی کۆبووەوە و جگە لە تەواوبوونی مامەڵەی یاسایی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نمونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە، درا.

ئەو کۆبوونەوەیە کە ئەمڕۆ 11ی ئەیلولی لە شارەوانی سلێمانی بەڕێوەچوو و زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند، دوای کۆبوونەوەی رۆژی چواری ئەیلولی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی دێت کە تیایدا بەڕێوبەرایەتییەکان راسپێردرابوون لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواو بکەن.

تەوەری یەکەمی گفتوگۆکە تایبەت بوو بە دۆخی خزمەتگوزارییەکان لە شاری سلێمانی و هەڵسەنگاندنیان بۆ کرا.

بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی لە ماوەی هەفتەیەکدا، مامەڵەی زیاتر لە 50 پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوکردووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە.

جێگری سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕاندووە، داواشی لێکردن بۆ لەمەودواش بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروستبووە، "با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگیی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت."

هاوکات رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرت کە بۆچی پێشتر بەم شێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە.

جێگری سەرۆکی حکومەت لە کۆبوونەوەکەدا، جەختیکردووەتەوە کە "بەردەوام دەبین لەسەر ئەو پرۆسەی دەستمان پێکردوە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان و ئەو تیمە چاودێرییەی پێکهێناوە بە بەردەوامی چاودێری هەڵسوکەوت و چۆنییەتی مامەڵەکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن، بۆ ئەوەی بزانرێت کێ کارئاسانی بۆ هاوڵاتیان دەکات و کێ گرفت و کێشە بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات."

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشدا، جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابوری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت.

لە تەورێكی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی هاوکات وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی تیایدا بەشداربوو، پڕۆژەی پێنج زۆنی گەشتیاری چەمی قلیاسان_ چەقچەق و پڕۆژەی گەشتیاری نمونەیی شاخی گۆیژە پەسندکرا، کە هەردووکیان پڕۆژەی ستراتیژی گەشتیاریین.

 لەگەڵ ئەو دوو پڕۆژەیەدا، چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسندکران، لەوانە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و زەوی پێویستیشیان بۆ دابینکرا.