گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی: داهات و خەرجی سلێمانی ئاشکرا دەکرێت
K24 – ههولێر:
به گوێرهی لێدوانی نووسینگهی قوباد تاڵهبانی، جێگری سهرۆك وهزیران، بڕیاره لە ماوەیەکی نزیکدا هەموو داهات و خەرجی سلێمانی ئاشکرا بكرێت و له ماوهی یهك هەفتەشدا مامەڵەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سلێمانی تەواوکراوە.
سەمیر هەورامی گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە کوردستان24ی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانی شەفافیەت و چاکسازی، لەماوەیەکی نزیکدا لە پرۆسەیەکدا هەموو داهات و خهرجییەکانی سلێمانی ئاشکرا دەکرێت تاوەکو کەموکوڕییەکان دەستنیشان بکرێن.
سەبارەت بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شارەوانی سلێمانی گوتی: لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەرکەوت، لە ماوەی یەک هەفتەدا مامەڵەی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواوبووە و هەروەها سایدپلانی زۆربەی پڕۆژەکانیش تەواوکراوە و بەزوویی دهست به جێبهجێكردنیان دهكرێت.
گوتیشی: هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا لەسەر جێبەجێ کردنی هەردوو پڕۆژەی گەشتیاری چەمی قلیاسان- چەقچەق و پڕۆژەی نمونەیی گەشتیاری شاخی گۆیژە هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکەش پەسند کران لەوانە چەند پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون بۆ فەرمانبەرانی حکومی لە سلێمانی و زەوی پێویستیشیان بۆ دابین کرا.
سەمیر هەورامی، ئەوەشی خستەڕوو، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم وێڕای دەستخۆشیکردن لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کە ئەرکەکانیان بە باشی راپەڕاندووە، داواشی لێ کردن بۆ لەمەودوا بەردەوامبن لەسەر ئەم هەماهەنگییەی لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکاندا دروست بووە با چیتر مامەڵەی وەبەرهێنەران و هاووڵاتیان بەهۆی رۆتین و نەبوونی هەماهەنگیی لەنێوان دامودەزگاکانی حکومەتدا دوانەکەوێت.
هاوکات بەپێی راگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، قوباد تاڵەبانی رەخنەی لە بەڕێوەبەرایەتییەکان گرتووە کە بۆچی پێشتر بەم شێوەیە کارەکانیان خێرا و بەبێ رۆتین رانەپەڕاندووە و جەختیشی کردووەتەوە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو پرۆسەیەی دەستیان پێ کردووە لە هاندان و سزادانی بەڕێوەبەران و بەرپرسان و ئەو تیمە چاودێرییەی پێکهێناوە بە بەردەوامی چاودێری هەڵسوکەوت و چۆنییەتی مامەڵەکردنی فەرمانگە و دامودەزگاکانی حکومەت لەگەڵ هاووڵاتیان دەکەن بۆ ئەوەی بزانرێت کێ کارئاسانی بۆ هاووڵاتیان دەکات و کێ کێشە بۆ هاووڵاتیان دروست دەکات.
بەپێی راگەیەندراوەکە، جێگری سەرۆکی حکومەت باسی لەوە کردووە کە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانەی کارەکانیان تەواوبووە رۆڵێکی باشی دەبێت لە بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری سلێمانی و ژمارەیەکی بەرچاویش هەلی کار بۆ دانیشتوانی شارەکە دەڕەخسێنێت.
کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی هاوکات وەک ئەندامێکی فەخری ئەنجومەنی شارەوانی تیایدا بەشداربوو زیاتر لە چوار کاتژمێری خایاند.
ئەوەش دوای ئەوە دێت رۆژی ٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی سلێمانی کۆبووەوە و تێیدا داوای لە بەڕێوەبەرایەتییەکان کردبوو لە ماوەی هەفتەیەکدا کارەکانی زیاتر لە ٥٠ پڕۆژەی وەبەرهێنان تەواو بکەن، ئاماژەی بەوەشکردبوو، هەر بەڕێوەبەرێک ئەرکەکەی خۆی بەباشی جێبەجێ ناکات با بچێتەوە ماڵەوە.