ملیۆنێك و 650 هه‌زار ئێرانی بۆ چله‌ی ئیمام حوسێن سه‌ردانی عێراقییان كردووه‌

زیاره‌تكارانی شیعه له‌ رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ كه‌ربه‌لا - وێنه‌: AFP
زیاره‌تكارانی شیعه له‌ رێگه‌ی گه‌یشتن به‌ كه‌ربه‌لا - وێنه‌: AFP

K24 – هه‌ولێر:

تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ ملیۆنێك و 650 هه‌زار هاووڵاتی ئێران به‌ مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن، سه‌ردانی عێراقییان كردووه‌.

عه‌مید حوسێن ئه‌شته‌ری، فه‌رمانده‌ی گشتی ئاسایشی ناوخۆی ئێران، له‌میانه‌ی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی یه‌كێك له‌ ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ عێراق ئاشكرایكرد، دوای به‌جێگه‌یاندنی زیاره‌ت له‌ كه‌ربه‌لا، زیاتر له‌ 700 هه‌زار زیاره‌تكاری ئێرانی گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ وڵاته‌كه‌یان.

حوسێن ئه‌شته‌ری ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، تاوه‌كو ئێستا له‌ رێگه‌ی شه‌ش ده‌روازه‌ی سنوورییه‌وه‌، زیاتر له‌ ملیۆنێك و 650 هه‌زار زیاره‌تكاری ئێرانی سه‌ردانی عێراقییان كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی زیاره‌تكردنی كه‌ربه‌لا به‌بۆنه‌ی چله‌ی شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن.

دوێنێ شه‌ممه‌ (10ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، بەڕێوەبەری نشینگە و پاسپۆرتی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران رایگه‌یاند، له‌ ماوەی سێ رۆژی رابردوودا نزیکەی 20  هەزار زیارەتکاری ئێرانی لە رێگەی دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان كه‌ بۆ به‌شداریكردنی له‌ مه‌راسیمه‌كانی چله‌ی شه‌هیدكردنی ئیمام حوسێن له‌ كه‌ربه‌لا.

پێش چه‌ند رۆژێكیش، هه‌ردوو حكومه‌تی عێراق و ئێران رێككه‌وتنێكیان سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنی هاتنی زیاره‌تكارانی ئێران و كاروانی هاوكارییه‌كان بۆ زیاره‌تكاران له‌ هه‌ردوو ده‌روازه‌ی مونزریه‌ له‌ خانه‌قین و مه‌نده‌لی له‌ دیاله‌، ئه‌نجامدا.