مالیكی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و عه‌بادی هۆشداری ده‌دات

نوری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی
نوری مالیكی و حه‌یده‌ر عه‌بادی

K24 – هه‌ولێر:

نوری مالیكی داوای كاركردنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌كات و حه‌یده‌ر عه‌بادیش هۆشداری ده‌دات له‌ شه‌ڕی شكانی ئیراده‌ كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر وڵات ده‌بێت.

نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ رەتکردنەوەی هەڵوەشادنەوەی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مانای ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت هیچ هەڵبژاردنێکی پێشوەخته‌ ئه‌نجام نادرێت و پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كارا بكرێته‌وه‌ و گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی كارا ده‌ستپێبكاته‌وه‌.

مالیكی  داوا لە لەلایەنە سیاسییەکانی عێراقیش دەکات هەڵوێستی خۆیان بۆ پشتگیریكردن لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی رابگەیەنن و ئه‌نجامدانی هه‌لبژاردنی پێشوه‌خته‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌.

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دوای بریاره‌كه‌ی دادگای فیدراڵی قۆناغێكی نوێ هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ و چیتر دۆخه‌كه‌ پێویستی بە دەستپێشخەری نییە بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆخی سیاسی، بەڵکو گرنگە لەئێستادا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێك له‌سه‌ر بنه‌مای سازانی نیشتمانی چڕبکرێنەوە تا خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و پاراستنی ئارامی سیاسی و ئەمنی بۆ وڵات دابینبكات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه، حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی نه‌سڕ، له‌ تویتێكدا داوای رێككه‌وتنی سیاسی نێوان لایه‌نه‌كان ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌و رێككه‌وتنه‌ی عه‌بادی داوایكردووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌، "پێویسته‌ به‌ پێكهێنانی حكومه‌ت ده‌ستپێبكات و به‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌ كۆتایی بێت".

عه‌بادی رایگه‌یاندووه‌، هه‌ر رێگه‌چاره‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای شكاندنی ئیراده‌بێت، كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر گه‌ل و ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌بێت.