سوپای ئۆکرانیا سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیان کۆنترۆڵکردووەتەوە

K24 – هەولێر

200 رۆژ دوای هێرشی سەربازیی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، سوپای کیێف رایانگەیاندووە کە بەشێکی زۆری ناوچەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکرانیایان کۆنترۆڵکردووەتەوە و زەبری گەورەیان لە سوپای رووسیا داوە.  

سوپای ئۆکرانیا دەڵێ، دژەهێرشەکانیان لە رۆژەکانی کۆتایی مانگی ئابی رابردووەوە دەستپێکردووە و سەرنجی تەواویان لەسەر ناوچەی باشووری خێرسۆن هەبووە. ئەو ناوچەیە هەر لە سەرەتای شەڕەوە لەلایەن سوپای رووسیاوە داگیرکراوە. کاتێک سوپای رووسیا بە مەبەستی بەهێزکردنی بەرەی باشوور، سەربازەکانی لە بەرەی رۆژهەڵاتەوە گواستووەتەوە، سوپای ئۆکرانیا لە نزیک ناوچەی خارکیف، "دژەهێرشە گەورەکە"ی دەستپێکردووە.

فەرماندە ئۆکرانییەکان پێیانوایە کاتێک ئەگەری گەمارۆدانی بەشێکی زۆری سوپای رووسیا لای بەرپرسانی مۆسکۆ زۆربووە، فەرمانیان بە هێزەکانیان کردووە لە خارکیف بکشێنەوە.

هاوکات کە کیێف باس لە گۆڕانکاری گەورە لە گۆڕەپانی شەڕدا و لە بەرژەوەندی خۆیدا دەکات، مۆسکۆ رایگەیاندووە کە کشانەوەی هێزەکانی لە خارکیف، دەستپێکی ئۆپەراسیۆنێکی دیکەیە لە رۆژانی داهاتوو و چاویان لە ناوچەی دۆنتسکە.

ڤولۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆککۆماری ئۆکرانیا، رایگەیاندووە کە سوپای وڵاتەکەی لە رۆژە سەرەتاییەکانی ئەم مانگەدا (ئەیلول) نزیک بە دوو هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیان لە خاکی ئۆکرانیا، کۆنترۆڵکردووەتەوە. ئەو، بە لاتاوەوە لەبارەی پاشەکشێی بەشێکی سوپای رووسیا، گوتی "سوپای رووسیا خەریکە باشترین کارێک دەکات کە لە توانای دایە".

هاوکات ڤالری ڤێدۆرۆڤیچ زالۆژنی، فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "سوپای ئۆکرانیا لە ماوەی 10 رۆژی رابردوودا، زیاتر لە سێ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەی خاکی وڵاتیان کۆنترۆڵکردووەتەوە".

بە پێی قسەکانی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، سوپای ئەو وڵاتە نە تەنیا لە نزیک خارکیفەوە بەرەوە باشوور و رۆژهەڵات، بەڵکو بەرەو باکووریش پێشڕەویان کردووە و گەیشتوونەتە 50 کیلۆمەتری سنووری رووسیا.