بەرپرسی لقی 15ی پارتی: خانەقین بووەتە سەربازگە

"یەک قوتابخانەی کوردی لە خانەقین هەبوو، ئەمڕۆ ئەویش داخرا"
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان
شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر

بەرپرسی لقی 15ی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، خانەقین بووەتە سەربازگە و یەک قوتابخانەی کوردی هەبوو ئەویش ئەمڕۆ دەرگایان داخستووە.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی 15ی پارتی بە  کوردستان24ی راگەیاند: "تەعریب لە خانەقین چڕکراوەتەوە و رۆژ دوای رۆژ خەڵکەکەی زیاتر ئازار دەدرێن، خانەقین بووەتە سەربازگە و لەسەر هەموو کوچە و کۆڵانێک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازی وەستاون، هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە لە خەڵک هەیە".

گوتیشی: "تەنیا یەک قوتابخانەی بنەڕەتی لە خانەقین هەبوو بەناوی قوتابخانەی شادان، ئەمڕۆ دەرگای قوتابخانەکە داخراوە، واتا هیچ قوتابخانەیەک نامێنێ لە خانەقین وانەی کوردی تێدا بخوێندرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد: "بەو پێیەی رێژەیەکی کەم لە دەرچووانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە ناوچە کوردستانییەکان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن، زۆربەیان لە زانکۆ و پەیمانگاکانی دیکە بە زمانی عەرەبی دەخوێنن، کە ئەمە مەترسیدارە".

سەبارەت بە بوونی بارەگاکانی پارتی لە سنووری خانەقین، بەرپرسی لقی 15ی پارتی، دەڵێت: "ئێمە تەنیا یەک بارەگامان لە خانەقین کردووەتەوە ئەویش بارەگای یەکێتی ئافرەتانە، چەند رۆژێک بوو هەڕەشەیان لەسەر بوو بۆ ئەوەی بارەگاکەیان پێدابخەن".

دەشڵێت: "لە خانەقین هەڕەشە لەسەر ئەندام و کادیرانی حزبەکانی دیکەی کوردستانیش هەیە، بەڵام من نامەوێ باسی ئەوان بکەم، بە گشتی دۆخی ئەمنی شارەکە بۆ هاووڵاتییانی کورد زۆر خراپە".