ئه‌گه‌ر یانه‌ی هه‌ولێر 395 ملیۆن دینار نه‌دات داده‌به‌زێته‌ خولی پله‌یه‌كی عێراق

به‌هۆی نه‌دانی پاره‌ی گرێبه‌ستی ئه‌یوب ئۆدیشۆ یانه‌ی هه‌ولێر مه‌ترسی له‌سه‌ره‌
ئه‌یوب ئۆدیشۆ
ئه‌یوب ئۆدیشۆ

K24-هه‌ولێر: 

یانەی هەولێر مەترسی لەسەرە بەهۆی نەدانی شایستەی داراییەکانی ئەیوب ئۆدیشۆ دابەزێتە ریزی یانە پلە یەکەکانی عێراق.

ئەیوب ئۆدیشۆ کە ساڵانی 2013 تاکو 2015 راهێنەرایەتی یانەی هەولێری دەکرد، 395 ملیۆن دیناری پارەی گرێبەستەکەی وەرنەگرتووە و سکاڵای لەسەر یانەکەی پایتەخت تۆمارکردووە و لە دادگای کاس داوایەکەی بردووەتەوە و پێویستە پارەی گرێبەستەکەی پێبدرێت.
ئەحمەد شکور ئەندامی دەستەی کارگێڕی و سەرپەرشتیاری تیپی خولی عێراقی یانەی هەولێر لە لێدوانێکی بۆ كوردستان24 رایگەیاند: دەبێت ئێمە تاکو رۆژی 15ـی ئەم مانگە وەکو یەکێک لە مەرجەکانی لێژنەی تەراخیس ئەو پارەیەی گرێبەستی ئەیوب ئۆدیشۆ بدەین، ئەگینا وەکو یەکێک لەو یانانەی مەرجەکانی تەراخیسی جێبەجێکردبێت هەژمار ناکرێین و ناتوانین بەشداریی یارییەکانی وەرزی داهاتووی خولی نایابی عێراق بکەین'.

فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق بڕیاریداوە سەرجەم یانەکان مەرجەکانی لێژنەی تەراخیس جێبەجێ بکەن کە یەکێک لەو مەرجانە دانەوەی قەرزەکانە کە لە دادگای کاس و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لەسەریان هەژمار کراوە.