بەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان کارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان دەدرێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزیری کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بەهۆی کەمبوونەوەی سەرپێچییەکان کارەبای زیاتر بە هاووڵاتییان دەدرێت.

بەگوێرە  هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری کارەبا، لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا دوای دەستبەکاربوونی، کە بەڕێوەبەرانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەژدار بوون بڕیاریدا کار بکرێت بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکانی سەر تۆری کارەبای نیشتمانی و چاوپۆشی لە هیچ لایەن و کەسایەتییەک نەکرێت، بۆیە لەو کاتەوە بریارەکە چووەتە بواری جێیبەجێ کردن و توانراوە بڕێکی باش کارەبای بەفیڕۆچوو بگەڕێندرێتەوە ناو تۆڕەکانی کارەبای نیشتمانی و بووەتە هۆی زیاد بوونی پێدانی ماوەکانی کارەبا بە هاوبەشان".

ئاماژە بەوەشکراوە، دوای ئەوە دێت کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا چاکسازی لە تەواوی ئەو سێکتەرانە بکات، کە دەبێتە هۆی باشتر خزمەت کردنی هاووڵاتییان و نەمانی گەندەڵی و سەرپێچی کارانیش بداتە دادگا.

وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندووە، لە ئێستاش دا بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بە شێوەیەکی روون و شەفاف بەڕێوە بچێت، وەزارەتی کارەبا لەلایەن لیژنەیەکی تایبەت خشتەی سزا و سەرپێچییەکانی سەر تۆڕەکانی کارەبا لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵی بڵاوکردەوە، کە بەمجۆرەی خوارەوە بووە:.

لە هەشت مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە هەشت هەزار سەرپێچی لە سەرانسەری هەرێم تۆمار کراون، چوار هەزار و 596 سەرپێچی تەنیا لە پێوەری زیرەک بووە، کە 29 دۆسیەیان رادەستی دادگا کراون.

خشتەی سەرپێچی و سزادان
خشتەی سەرپێچی و سزادان