قوتابییەك بەهۆی نمرە بەرزەکانییەوە ژەهرخوارد دەکرێت و گیان لەدەستدەدات

K24 - هەولێر:

ژنێك بە تۆمەتی ژەهرخواردکردنی قوتابییەکی هاوپۆلی کچەکەی خۆی، دەستگیردەکرێت، هۆکاری ژەهرخواردنەکەش بۆ ئیرەبردن بە نمرەی بەرزی قوتابییەکە دەگەڕێتەوە.

بە گوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی هیندستان، ژنێکی تەمەن 43 ساڵ بەتۆمەتی ژەهرخواردکردنی قوتابییەکی 13 ساڵ دەستگیرکرا.

ئاماژە بەوەشدرا، کچی تۆمەتبارەکە لە قوتابخانەی کاریکال لە ویلایەتی پودوچیری هیندستان دەخوێنێت و بەهۆی ئەوەی یەکێك لە هاوپۆلەکانی نمرەی بەرزتری بەدەستهێناوە، لەلایەن دایکیەوە ژەهرخوارد کراوە.

قوتابییە ژەهرخواردکراوەکە پاش تەواوبوونی وانەکانی گەڕاوەتەوە ماڵ و دایکی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی، هەست بە ناڕەحەتی دەکات ئەمەش دوای ئەوەی پاسەوانی قوتابخانەکەی خواردنەوەیەکی غازی پێداوە کە ئەم وایزانیووە دایکی بۆی بەجێهێشتووە، بەڵام لە راستیدا دایکی هاوپۆلەکەی بە پاسەوانەکەی داوە.

خراپبوونی باری تەندروستی و گیان لەدەستدانی

دوای ئەوەی قوتابییەکە دەستی بە ڕشانەوە کردوە، دایک و باوکی پەیوەندییان بە ئەمبولانسەوە کردوە و بەپەلە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی کاریکاڵی حکومی، لەوێ چارەسەری وەرگرتووە و رەوانەی ماڵەوە کراوە. بەڵام رۆژی دواتر باری تەندروستی خراپتر بوو  و دووبارە گەیەندرایەوە نەخۆشخانە و دوای ماوەیەکی کەم گیانی لەدەستدا.

پاش تەماشاکردنی تۆماری کامێرای چاودێری قوتابخانەکە، دەرکەوت دایکی هاوپۆلی قوتابییە ژەهرخواردکراوەکە پێش ئەوەی خواردنەوە غازییەکە بدات بە پاسەوانی قوتابخانەکە، شتێکی کردووەتە ناوی.

ڤیکتۆریا، ئەو ژنەی قوتابییە کوڕەکەی ژەهرخوارد کردووە، دوای ناسینەوەی روخساری لە کامێراکانی چاودێرییەوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

ڤیکتۆریا (43 ساڵ) لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، دانی بەوەدا نا کە چەند دەنکە حەبێکی کردووەتە خواردنەوە غازییەکە، ئەو حەبانەش بە مەبەستی کوشتنی نەبووە، بەڵکو تەنیا بۆ ئەوە بووە نەخۆشی بخات و لە تاقیکردنەوەکان و بۆنەکانی قوتابخانەکەدا بەشداری نەکات.