باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەغریب تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی رەتدەکاتەوە

"ئەوانە هەوڵێکن بۆ ناوزڕاندنی باڵیۆز و ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە"
دەیڤید گۆڤرین، باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەغریب
دەیڤید گۆڤرین، باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەغریب

K24 - هەولێر:

دەیڤید گۆڤرین، باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەغریب کە هەفتەی رابردوو بانگهێشتی ئیسرائیل کرابوو، تۆمەتەکانی ئەنجامدانی دەستدرێژی سێکسی و گەندەڵی رەتکردەوە.

بە گوێرەی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژیکردنە سەر ژنان دەکات، لەچوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوەیەشدا، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە مەغریب بانگهێشت کردووە.

پارێزەری دەیڤید گۆڤرین لە نامەیەکدا کە ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلی کردووە، هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە کە دراونەتە پاڵ گۆڤرین و دەڵێت، "ئەوانە هەوڵێکن بۆ ناوزڕاندنی باڵیۆز و ناچارکردنی بە دەستلەکارکێشانەوە".

دۆسییەکە لەناوخۆی مەغریب کاردانەوەی رێکخراوەکانی مافی ژنان و بەکارهێنەرانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی بەدوایخۆیدا هێناوه‌ و داوایانکردووه‌، حکومەت لێکۆڵینەوەی بەپەلە لەوبارەیەوە بکات.

لەو چوارچێوەیەشدا، رۆژی هەینی رابردوو، گردبوونەوەیەك دژی باڵوێزی ئیسرائیل لەبەردەم پەرلەمانی مەغریب رێکخرا.

دەیڤید گۆڤرین (تەمەن 59 ساڵ) لە ساڵی 2016 تا مانگی ئابی 2019 باڵیۆزی ئیسرائیل بووە لە میسر، هەروەها لە سەرەتای ساڵی 2021 بووە بەرپرسی نوێنەرایەتی فەرمانگەی پەیوەندیی ئیسرائیل لە "رەبات"ـی پایتەختی مەغریب، پێش ئەوەی بە فەرمی وەك باڵیۆزی ئیسرائیل لە مەغریب دەستنیشان بكرێت.