ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: یۆرانیۆممان لە هەندێک بنکەی ئێراندا دۆزیوەتەوە

ئاژانسی وه‌زی ناووكی ئێران / وێنه‌: AFP
ئاژانسی وه‌زی ناووكی ئێران / وێنه‌: AFP

K24 - هەولێر:

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، داوا لە ئێران دەکات، بەزووترین کات وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە و دەست بە هەماهەنگییەکانیان بکه‌نه‌وه‌.

رافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رایگه‌یاند، یۆرانیۆممان لە هەندێک بنکەی رانەگەیه‌ندراوی ئێراندا دۆزیوەتەوە و پرسیارمان لێکردوون روونکردنەوە بدەن، بەڵام بەرپرسانی تاران دەڵێن ئێوە لایەنگیری دەکەن.

هه‌روه‌ها گوتی: "هیچ ئاڵۆزیی و ناڕوونیەک لەم بابەتەدا نییە، ئێمە پاشماوەی یۆرانیۆممان لە چەند شوێنیک دۆزیوەتەوە و نەدەبوو هیچکات لەو شوێنانە ئێران چالاکی ئەتۆمی هەبێت".

ده‌شڵێت: "هیوادارم ئێران بەزووترین کات دەست بە هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسەکەمان بکاتەوە".

پێشتریش ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاندبوو، بۆ گەیشتن به‌ رێککەوتنی تایبه‌ت به‌ دۆسییه‌ی ئه‌تۆمیی، تاران خوازیار و ئامادەیه‌، لەو باوەڕەدایە بوونی ئیرادەی پێویست و خۆبەدوورگرتن لە گوشاری دەرەکی، دەتوانێت خێرا بمانگه‌یه‌نێت بە رێککەوتن.