پێنج ملیۆن دینار بۆ به‌شێك له قوربانیانی كۆرۆنا خه‌رجده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
بڕی پێنج ملیۆن دینار وه‌ك مینحه بۆ ئه‌و كارمه‌نده ته‌ندروستییانه خه‌رجده‌كرێت، كه به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
به گوێره‌ی نووسراوێكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، كه به ئیمزای ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوان ده‌رچووه، ئاماژه به‌وه ده‌كات، وه‌ك مینحه بڕی 5 ملیۆن دینار ده‌درێته خانه‌واده‌ی ئه‌و پزیشك و كارمه‌نده ته‌ندروستیانه‌ی، كه به كۆرۆنا له‌كاتی ده‌وامی فه‌رمی گیانیان له‌ده‌ست داوه.
هه‌روه‌ها له نووسراوه‌كه‌دا هاتووه: بۆ یه‌كجار مینحه‌كه دابه‌شده‌كرێت، وه‌ك هه‌نگاوی یه‌كه‌م (89) ناو ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر دراوه، كه له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ خانه‌واده‌كه‌یان خه‌رجده‌كرێت.
به گوێره‌ی دوایین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، تا ئێستا 465.485 كه‌س تووشی په‌تای كۆرۆنا هاتوون و 7467 كه‌سیش به‌هۆی كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه.
